هاوپەیمانی فەتح بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدات

مەرج بۆ دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دادەنێت
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

هاوپەیمانی فەتح کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات رایدەگەیەنێت بە مەرج دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دەدات.

هاوپەیمانی فەتح لە رێگەی نووسراوێکەوە،  پێنج خاڵی وەک مەرج دیاریکردووە و داوا دەکات لە نێو پڕۆژە یاساکە جێگەیان بکرێتەوە، ئەگەرنا دەنگی بۆ نادەت. کە یەکێکیان تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 نادەن ئەگەر ئەو خاڵانەی تێدا نەبێت کە ئەمانەن.

خاڵەكان بریتین لە:

- نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بودجەدا (1119) دینار بەرامبەر دۆلارێک بێت.

- وەزارەتی دارایی پلەی وەزیفی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نوێ بکاتەوە کارمەندان بە گرێبەست دامەزرێنێت.

- وەزارەتی دارای لیستی وانەبێژە خۆبەخشەکان نوێبکاتەوە

- شایستەی وانەبێژە خۆبەخشەکان لە بودجەدا جێگەی بکرێتەوە.

-پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجی راستەقینە و هەنوکەیی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دیاری بکرێت، ئەوەش دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکانی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دیاریکراوە، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە پێدانی بڕی نەوتی هەناردەکراو کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دیاریکراوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت، هیچ خەرجییەکی پێ نادرێت و هەر لایەنێک پێشێلی ئەو بڕگەیەش بکات بەرپرسیارێتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ.