ئاگادارییەک لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.. پێشەکی داوای لێبوردن دەکات

لە چەند رۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک تاقیکردنەوە دەکات
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا

K24 - هەولێر

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئەمڕۆ رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک تاقیکردنەوە دەکات، تاقیکردنەوەکان ئامێر و چۆنییەتی پەیڕەوکردنی رێوشوێنەکانی حاڵەتی لەناکاو دەگرنەوە و رەنگە ببنە هۆی بێزارکردن.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کە دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا، لە راگەیەندراوەکەیدا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 9ـی شوبات/فێبرایەری 2021) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پێشوەختە داوای لێبوردنی لە دانیشتووانی دەوروبەری باڵیۆزخانەکە دەکات.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە چەند رۆژی داهاتوودا لەئەنجامی تاقیکردنەوەی چەند کەرەستەیەک و رێوشوێنێکی باری لەناکاو، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی ژاوەژاوی دیکە دەگەنە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری باڵیۆزخانە. باڵیۆزخانە داوای لێبوردن دەکات بۆ هەربێزارییەک".

تاقیکردنەوەی ئامێری نوێ و راهێنان لەسەر رێوشوینەکانی باری لەناکاو لە باڵیۆزخانەکە لەکاتێکدان، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەردەوام بە مووشەک هێرش دەکرایە سەر باڵیۆزخانەکە، هەرچەندە نەبووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کارمەندان و بەردەوامیش مووشەکەکان لەڕێگەی سیستەمی دژەمووشەکیی باڵیۆزخانەکە لەنێوبراون، بەڵام ئەمەریکا هۆشداری دابوو باڵیۆزخانەکەی دادەخات لەئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان.

ئەمەریکا رێوشوێنی دیکەشی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەی و گیانی کارمەندەکانی، لەوانەش 15ـی کانوونی دووەم/ یەنایەرـی 2021 رایگەیاند نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق تەرخان دەکات لەپێناو پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا.