تەندروستی جیهانی نوێترین زانیاری لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەخاتەڕوو

فڕێدانی پاشماوەی کەلوپەلی تەندروستی وەک خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین
فڕێدانی پاشماوەی کەلوپەلی تەندروستی وەک خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین

K24- هەولێر:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، ئەگەرێکی زۆر دوورە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەکەی وهان لە چین بڵاوبوبێتەوە.

د. پیتەر بێن ئێمبارێک، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکەمان لەبارەی دۆزینەوەی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەی دەرخستووە، ئەگەری ئەوەی ڤایرۆسەکە لە تاقیگەی وهان بڵاوبووبێتەوە زۆر کەمە.

راشیگەیاند، تیمەکەمان هەندێک زانیاری لای خۆی گەڵاڵە کردووە کە سوودی بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، ڤایرۆسەکە دەکرێت لە شەمشەمە کوێرەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە ئەمەش لە رێگای ئاژەڵێک کە بووەتە پردی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ.

مانگی کانوونی یەکەم/ دیسەمبەری 2019، بۆ یەکەمجار لە وهانی چین، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرا.

رێکخراوی تەندروستی ئەگەرچی پشتڕاستی ناکاتەوە کە تاقیگەی ڤایرۆسی وهان سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بێت، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە پێش وهان، تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی بە کۆمەڵ لە جیهان نەبووە.

AFP