پەروەردەی سلێمانی: بەهۆی کۆرۆنا ئەگەری داخستنەوەی یەکەم خوێندنگە هەیە

13 خوێندکاری یەکێک لە خوێندنگەکان گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت بە کۆرۆنا
قوتابخانەیەکی هەولێر لە یەکەم رۆژی کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان
قوتابخانەیەکی هەولێر لە یەکەم رۆژی کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان

K24 - سلێمانی

تەنیا چوار رۆژ دوای کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە رووی خوێندکاران و مامۆستایان، قوتابخانەیەکی سلێمانی ئەگەری هەیە دابخرێت.

عومەر ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 9ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) بە کوردستان24ـی راگەیاند "13 خوێندکاری خوێندنگەیەکی سنووری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێدەکرێت، بۆیە رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ ئەنجامدانی پشکنین".

بەگوتەی عومەر ئەمین، "ئەگەر دوای پشکنین لە هەر پۆلێک دەرکەوت یەک تا چوار خوێندکار تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوا پۆلەکە کەرەنتین دەکرێت، بەڵام ئەگەر لە یەک پۆل ژمارەی خوێندکارانی تووشبوو بە کۆرۆنا گەیشتە پێنج کەس، خوێندنگەکە بەتەواوەتی بۆ ماوەی 14 رۆژ دادەخرێت".

وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان، بەخێوکەری قوتابییانی سەرپشک کرد لەوەی دەتوانن لە ماوەی یەک هەفتە فۆڕمێک پڕبکەنەوە ئەگەر نایانەوێت منداڵەکانیان دەوامی قوتابخانە بە شێوازی رووبەڕوو بکەن.

بەگشتی پارێزگای سلێمانی ئەگەرچی لەڕووی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چوارەمی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام یەکەم پارێزگایە لەڕووی زۆریی مردن بە کۆرۆنا و تائێستا هەزار و 699 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی، لە سلێمانی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 17 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کەسێکیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە.

 

هـ.ر.