ماوهی 4 مانگە بەغدا پارەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە

K24 – ھەولێر:
ماوهی زیاتر له 4 مانگه بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بەنداوەکان و رەگەزنامەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی کارمەندانی بەنداوەکانی لێکەوتووەتهوە و کارمەندانی بەنداوی دووکان مانیان گرتووە. ئەوان دەڵێن: جگە لەوەی مووچەکانیان رەوانە نەکراوە، بەهۆی چاکنەکردنەوەی کەموکوڕییەکانی بەنداوەکە رووبهڕووی كێشهی زۆریش بوونهتهوه، چونکە بەنداوەکان کۆنن و پێویستیان بە چاودێری زیاترە، بە تایبەت ئێستا وەرزی باران بارینە و سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، ئێرانیش بۆ خۆپاراستن لە لافاو بەنداوەکانی خۆی بەردەداتەوە، کە ئەوەش گوشاری زیاتر لهسهر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
بەڕێوبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتیكردهوه، هیچ هۆکارێك نییە بۆ خەرجنەکردنی پارە لە لایەن بەغداوە، بابەتەکە جگە لە سزادانی فەرمانبەرانی بەنداوەکان، هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مانگرتنیش بە مافی سەرەکی فەرمانبەران دەزانێت.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی رایگەیاند: "لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی رهوانه نهكردووه و داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە، مووچەکانیان خەرج بکات.
گوتیشی: "نەناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە هیچ بەهانەیەکی نییە، تەنیا سزادانی فەرمانبەرانی بەنداوەکانە".
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەر یەك لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكان و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، نووسیویەتی: لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی خەرج نەکردووە، لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ لێبڕین، مووچەی کارمەندانی بەنداوەکانی دابهشكردووه.