پۆلیسی هەولێر ساخه‌تكارێكی پاره‌ دەستگیر دەکات

نزیکەی (4) ملیۆن دیناری ساخته‌کردووە
پۆلیسی هه‌ولێر عه‌ره‌بێكی ناوه‌ڕاستی عێراقی به‌ پاره‌ی ساخته‌وه‌ ده‌ستگیر كرد
پۆلیسی هه‌ولێر عه‌ره‌بێكی ناوه‌ڕاستی عێراقی به‌ پاره‌ی ساخته‌وه‌ ده‌ستگیر كرد

K24 - هه‌ولێر:

ھۆگر عزیز، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا، بەشی ھەرە زۆری ئەو کەسانەی لەسەر ساخته‌کردنی پارە دەستگیرکراون، کەسانی بە ره‌گەز عەرەب بوون و لە ناوەڕاست و خواری و عێراقەوە ھاتوونەتە ھەولێر.

بەڕێوبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ھەولێر ھۆشدارى لەو جۆرە مامەڵانه‌ دەدات، گوتەبێژی پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەشێکی زۆرى خەڵك بەو جۆرە مامەڵەیە زەرەرمه‌ندبوونه و گەنجێکیشیان دەستگیرکردووە، كه‌ نزیکەی (4) ملیۆن دیناری ساخته‌کردووە.

پاره‌كه‌ له‌ جۆری نه‌ختینه‌ی (10) ھەزارى و (25) ھەزار دیناری عێراقییە، تۆمه‌تبار ساخته‌ى تێدا كردووه و لە بازاڕدا مامەڵەی پێوە کردووە، ئه‌و بە رەگەز عەرەبە و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھاتووه‌تە ھەولێر.

دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر زانیاری لەسەر کۆكردووه‌ته‌وه‌، لە یەکێك لە ھۆتێلەکانی ئه‌و شاره‌ دەستگیر كراوه‌.

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر گوتی: "داوا له‌خه‌ڵكی ده‌كه‌م، زیاتر چاوكراوه‌ بن، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ساخته‌كردنی پاره‌ ده‌ستگیرمان كردوون، له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه‌ هاتوون".

تۆمه‌تباركه گەنجێکی تەمەن (23) ساڵە، بە پرێنت و لاپتۆپێك زیاتر لە (3) ملیۆن دینارى چاپ کردووە و ھەوڵیداوە لە بازاڕى هه‌ولێر مامەڵەی پێوە بکات.

ھۆگر عەزیز گوتیشی: "ئه‌و كه‌سه‌ی پاره‌كه‌‌ی ساخته‌كردووه‌، هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و پاره‌ ساخته‌یه‌ له‌ناو به‌سته‌ پاره‌ی دیكه‌ بداته‌ خه‌ڵكی، بۆئه‌وه‌ی كه‌س هه‌ست به‌ پاره‌ ساخته‌كه‌ نه‌كات".

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و تا ئێستاش زۆرترین ئەو کەسانەی پارەیان ساخته کردووە و دەستگیر کراون، لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھاتوون، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێريش ھۆشدارى دەدات، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانێکی نەناسراو، كه پارەی زۆریان پێبێت، چەندین کەسیش بەھۆی ئەم جۆرە مامەڵەیەوە بە دەیان ھەزار دۆلار زەرەرمەند بوونه، تۆمەتبارەکە پەڕاوی لێکۆڵنەوەی بۆ کراوەتەوە و دۆسیەکەی رەوانەی دادگا کراوە.

د.ی