بریندارانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ داوای چاره‌سه‌ری خێرا ده‌كه‌ن

"داواکارن ئەگەر نه‌برێنە دەرەوە؛ پزیشکی پسپۆڕ لە دەرەوە بهێنن بۆ نەخۆشخانەی چارەسەرەی برینداران لە هەڵەبجە"
مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌
مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌

K24 - هه‌ولێر:

دۆخی ئەو (53) بریندارەی چەکی کیمیایی، كه‌ بڕیاربوو ساڵی پار بۆ چارەسەری سییەکانیان ببرێنە وڵاتی ئێران، چونكه‌ تادێت بینایی چاویان خراپتر دەبیت و بڕی ئەو پارەیەش كه‌ بۆ گه‌شتەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە ته‌رخان كرابوو و ئامادەیە، تەنیا بەهۆی کۆرۆناوە خه‌رجكردنی راگیراوە، برینداران داواکارن ئەگەر ناگونجێت ببرێنە دەرەوە؛ پزیشکی پسپۆڕ لە دەرەوە بۆیان بهێننه‌ نەخۆشخانەی چارەسەرەی برینداران لە هەڵەبجە، تا بتوانن چارەسەری وەربگرن.

ئازاری چاو و سیەکانی، بەو تەمەنە کەمەوە تەنگیانی پێ هەڵچنیوە، لە (13) ساڵییەوە لەگەڵ ئەم ئازارانە ژیان بەڕێ دەکات، "هەڵاڵە فەرەج" برینداری چەکی کیمیایە، ئەگەرچی بڕیاری ناردنە دەرەوەی برینداران رەزامەندنی لەسەر دراوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە بڕیارەکە وەستاوە، "هەڵاڵە" ئێستا پێویستی بە نەشتەرگەری چاو هەیە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەگەر خانووەکەشم بفرۆشم؛ هێشتا ناتوانم پارەی نەشتەرگەرییەکەم دابین بکەم.

تادێت دۆخی برینداران بەرەو خراپتر دەچێت، ئه‌و داوا دەکەن، پزیشکی پسپۆڕی تایبەت بە نەخۆشییەکانیان بهێنریتە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، تا ناچار نەبن رێگای دوور ببڕن.

لوقمان عه‌بدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران لەم بارەیەوە گوتی: "زۆربەی ئەو نەشتەرگەرییانەی پێویستن بۆ بریندارانی کیمیایی، نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە عێراقیش ناکرین، پێویستە برینداران ببرێنە دەرەوە، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گه‌شتەکە راگیراوە".

(17ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020) (53) برینداری چەکی کیمیایی، كه‌ گرفت لەچاو و سیەکانیان هەبوو، بڕیاردرا  ره‌وانه‌ی وڵاتی ئێران بكرێن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گه‌شتەکەیان راگیرا، ئێستا دۆخی ئەو بریندارانه‌ و سەرجەم بریندارانی چەکی کیمیایی، تا دێت خراپتر دەبێت، بۆیه‌ داواکارن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی، پزیشکی تایبەت بۆ جۆری بریندارییەکەیان بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری برینداران دابین بکات، یان بەزووترین کات رەوانەی دەرەوەیان بکات.

د.ی