ئافره‌تێكی نیپاڵی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سلێمانی گیانی له‌ده‌ستدا

لە گۆڕستانی كریستیانەكانی سلێمانی بەخاك سپێردرا
ناشتنی ئافره‌تێكی نیپاڵی له‌ سلێمانی
ناشتنی ئافره‌تێكی نیپاڵی له‌ سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

ئافره‌تێكی نیپاڵی، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ شاری سلێمانی كاری ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا، له‌ رێوره‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی هاوڕێ و دۆستانی، له‌ گۆڕستانی كریستانه‌كانی سلێمانی به‌ خاك سپێردرا.

گۆڕێك بۆ ھاووڵاتییەکی خانه‌خوێ نا، بەڵکو بۆ نیپاڵییه‌کی میوان، له‌ گۆڕستانی کریستیانەکان ئامادەکراوە، ھاوزمانان و ھاوڕێیانی لە کوردستان ئامادەی ناشتنی تەرمەکەی بوون.

ساما، بە زمانی نیپاڵی لای ھاوڕێ کوردەکانی، کە بە "سیام" بانگیان دەکرد، بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە، گریانی ھەریەك لە ھاوڕێیانی بۆ بێدەنگی و لەسەرخۆیی "ساما" نییە، چونکە دەزانن ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ کەسوکارەکەیەتی، کە ھەوڵی زۆریان دا تەرمەکەی بگەڕێننەوە نیپال.

میلسان میلا، ھاووڵاتی نیپاڵی گوتی: "ئێمه‌ هاوڕێی "ساما"ین، ساما دایكی (2) منداڵه‌، لێره‌ به‌ كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا".

ساما، چەند ساڵێکە لە ھەرێمی کوردستان کاری کردووە، لە مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو، دوای رۆژێك بە تووشبوونی بە کۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا.

ھەوڵی زۆر دەدرێت تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە نیپاڵ، بەڵام حکومەتی نیپاڵی ره‌تیكردووه‌ته‌وه، بە بیانووی ئەوەی بە کۆرۆنا گیانی لە دەستداوە.

بە گوتەی ھاوڕێیانی، "ساما" ئاواتی زۆری هه‌بووه‌، کە بگەڕێتەوە نیپاڵ، ئاواته‌كانی بەدیبھێنێت، بەڵام لەماوەی کەمتر لە شەو رۆژێکدا لە مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوو گیانی لەدەستدا، ئیدی بۆ لەمەولا ھاوڕێیانی ھەست بە غەریبی ناکەن، چونکە باش دەزانن ھاووڵاتیانی کوردستان جیاوازی لەنێوان ئاین و ئاینزاکان ناکەن و وەك یەك رێز لە ھەمووان دەگرن.

د.ی