جۆزێپ بۆرێڵ: پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا دەخەمە بەردەم وڵاتانی ئەوروپا

دەرکردنی دیپلۆماتکاری ئەڵمانیا، پۆڵەندا و سوید لە مۆسکۆ ناکۆکییەکانی قووڵتر كردوونه‌ته‌وه‌
جۆزێب بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا
جۆزێب بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا

K24 – ھەولێر:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا دەخاتە بەردەم پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا.

دوای گەڕانەوەی لە مۆسکۆ، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا گوتی: بڕیاری کۆتایی لای وڵاتانی ئەندامە، کە هەنگاوی داهاتوومان بەرامبەر رووسیا چی دەبێت.

گوتیشی: پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا دەخەمە بەردەم وڵاتان و دەوەستێتە سەر بڕیاری هەر 27  ئەندامەکە، کە چۆن وەڵامی پێشێلکارییەکانی رووسیا دەدەنەوە.

بەهۆی دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا و دەیان هەزار كه‌س لە لایەنگرانی، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان رووسیا و ئەوروپا.

دەرکردنی دیپلۆماتکاری ئەڵمانیا، پۆڵەندا و سویدیش لە مۆسکۆ ناکۆکییەکانی هێندەی دیکە قووڵتر كردووه‌ته‌وه‌ و ئەو سێ وڵاتە ئەوروپاییەش دیپلۆماتکارە رووسیەکانیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد.