مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی به‌غدا له‌گه‌ڵ پارێزگاكان ره‌تده‌كرێته‌وه‌

"كارێكی ئه‌سته‌مه‌ به‌غدا راسته‌وخۆ مووچه‌ی سلێمانی بدات"
مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم ره‌تده‌كرێته‌وه‌
مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم ره‌تده‌كرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیمانەیەکی رۆژنامه‌وانیدا باسی له‌ ژماره‌یه‌ك پرسی دارایی كرد، قوباد تاڵەبانی رایگه‌یاند، مانگانە خەرجی مووچەخۆرانی سلێمانی لە (400) ملیۆن دۆلار زیاترە، بەڵام (11%)ی نەوتی کوردستان لە دەڤەری سلێمانییە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەگەر خەرجی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەوەندە زۆر بێت و داھاتەکەشی کەم بێت، زۆر ئه‌ستەمە بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی بدات.

قوباد تاڵەبانی، کە لەسەر پشکی یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، سەرۆکایەتی شاندی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی حکومەتی عێراق، پەردەی لەسەر زۆر پرس لادا، جێگری سەرۆکی حکومەت لەو دیمانەیه‌دا گوتی: "خەرجی مووچەخۆرانی سلێمانی، مانگانە زیاتر لە (400) ملیۆن دۆلارە و تەنیا (11%)ی نەوتی کوردستانیش لە سلێمانییە، بۆیە زۆر ئه‌ستەمە لەم حاڵەدا بەغدا پارە بە تەنیا بۆ سلێمانی بنێرێت".

زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونیكرده‌وه‌، "قوباد تاڵەبانی، بە حوکمی پۆستەکەی، ئاگاداری خەرجی و داھاتی ھەرێمی کوردستان و سلێمانییە، بۆیە لەسەر ئەم پرسە ئەم قسانەی کردووە".

یەکێتی، ئێستا زۆر باسی پرسی لامەرکەزی دەکات و ئەو بابەتەش لە کارنامەی کابینەی نۆیه‌می حکومەتدا ھاتووە، بەرپرسێکی یەکێتی گوتی: "ئێمە داوای لامەرکەزی کارگێری و دارایی دەکەین، بەڵام لە چوارچێوەی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا".

قوباد تاڵەبانی ئاشکرای دەکات، کە بەغدا لە باشترین حاڵەتدا تەنیا (5%)ی داھاتەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە و رەتیشی کرده‌وه‌، کە رێککەوتنی (50) ساڵەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، بۆ فرۆشتنی نەوت بێت و گوتی: "ئەو رێککەوتنە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و تورکیایە و تەنیا بۆ ھەناردەکردنی نەوتە"، دووپاتی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانیشی كرده‌وه‌، بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و جێبەجێکرنی ھەموو بەرپرسیاریەتییەکانی.

د.ی