49 سیناتۆر بۆ بایدن: ئەردۆغان بێشەرمانە هێرشی کردووەتە سەر کوردانی هاوپەیمانمان

نامەیەکی کراوەیان ئاراستە کردووە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک سینات، وێنە: AP
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک سینات، وێنە: AP

K24 - هەولێر

49 سیناتۆری ئەمەریکا رۆژی سێشەممە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک بایدن، سەرزەنشتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیایان کرد و داوای لێدەکەن فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی "ریکۆردە خراپەکەی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ باش بکات".

لە نامە کراوەکەدا، کە دوێنێ (سێشەممە، 9ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) بە واژۆی 49 سیناتۆر ئاراستەی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کراوە، هاتووە: رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا وڵاتەکەی خستووەتە سەر رێگای تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا، بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئۆپۆزیسیۆنی سەرکوتکردووە، میدیاکانی بێدەنگ کردووە، دادوەرە سەربەخۆکانی لاداوە و لەجێی ئەوان ئەو دادوەرانەی داناوە، کە لایەنگرین.

بەشێکی دیکەی نامەکە تایبەتە بە سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا؛ سیناتۆرەکان سەبارەت بە کورد و ئەردۆغان نووسیویانە "لەم ساڵانەی دواییدا، سەرۆک ئەردۆغان بێشەرمانە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کوردانەی هاوپەیمانی ئەمەریکان و لە سووریا شەڕی داعش دەکەن".

لە کۆتاییشدا دەڵێن "تورکیا هەر هاوپەیمانێکی گرنگی ناوچەیەکی تایبەتە لە جیهان، ئەمەش بەدیاریکراوی ئەو هۆکارەیە کە بۆمان نووسیوی. باوەڕمان وایە (پێویستە) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وابکات هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ستانداردێکی بەرزتریان هەبێت، هەروەها ئەمەریکا دەبێت راشکاوانە قسەیان لەگەڵدا بکات سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و کەمبوونەوەی دیموکراسییەت. داوات لێدەکەین جەخت بکەیەوە بۆ سەرۆک ئەردۆغان و حکومەتەکەی، کە پێویستە بەزووترین کات هەڵمەتی سەرکوتکردن لە ناوەوە و دەروەری وڵات کۆتایی پێبهێنن".

تورکیا لە ساڵی 2019 تەنیا سێ رۆژ لەدوای فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، دەستی بە ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی کرد، ئەو ئۆپەراسیۆنەش بە ئامانجی نەهێشتنی دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو لەسەر سنووری باکوور و رۆژئاوای کوردستان.

تورکیا هەسەدە بە تیرۆرست ناوزەد دەکات و دەڵێت پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە هەیە، هەسەدەش ئەمە رەتدەکاتەوە، لەهەمان کاتدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتگیریی هەسەدە دەکات لە شەڕی دژی تیرۆر و هاوپەیمانن.

ناو و واژۆی سیناتۆرەکان
ناو و واژۆی سیناتۆرەکان
ناو و واژۆی سیناتۆرەکان
ناو و واژۆی سیناتۆرەکان

 

ناو و واژۆی سیناتۆرەکان
ناو و واژۆی سیناتۆرەکان

 

ناو و واژۆی سیناتۆرەکان
ناو و واژۆی سیناتۆرەکان