وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەدات؛ هاووڵاتییان گاڵتەیان بە داتاکان دێت

"داتاکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق زۆر پەرێشانمان دەکەن، رێژەی تووشبوون و حاڵەتەکانی نەخۆشی زۆر خراپ بوون و بەردەوام لە بەرزبوونەوەن"
دوێنێ لە عێراق، هەشت کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، وێنە: ئەرشیڤ
دوێنێ لە عێراق، هەشت کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، وێنە: ئەرشیڤ

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەوشی کۆرۆنا لە وڵات بە "زۆر مەترسیدار" وەسف دەکات و، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بەو پەتایە و بەردەوامیی بەگرنگ سەیرنەکردنی ئەو داتایانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021)ـی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هاتووە: داتاکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق زۆر پەرێشانمان دەکەن، رێژەی تووشبوون و حاڵەتەکانی نەخۆشی زۆر خراپ بوون و بەردەوام لە بەرزبوونەوەن، ئەمەش سەرەڕای جێبەجێنەکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لەلایەن هاووڵاییان و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکانەوە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ "زۆر بەداخەوە گاڵتە بە رێکارەکانی خۆپارێزی دەکرێت بەتایبەتی رێژەی بەستنی دەمامک و دوورکەوتنەوە کەمبووەتەوە... هاووڵاتییان سوورن و بەروونی لە گرنگیی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە ترسناکیی رەوشی پەتاکە و ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون دەڕوانن".

ئەو پەرێشانییەی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە، دوێنێ، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتەکە جارێکی دیکە داتاکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا هەڵکشان و تووشبوونی 1994 کەس و گیانلەدەستدانی هەشت کەس بە کۆرۆنا راگەیەنرا، لەکاتێکدا پێرێ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق 1713 کەس تووشی کۆرۆنا ببوون.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەیدا هۆشداریی ئەوەشی داوە: "رەنگە دامەزراوە تەندروستییەکانمان توانای وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆش لەدەستبدەن، کە ئەمەش ژیانی زۆر ئازیز دەخاتە مەترسییەوە". جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سێ رێکارەش دەکاتەوە: بەستنی دەمامک، دوورکەوتنەوە لە یەکدی و پاککردنەوەی دەست و، دەڵێ "جێبەجیکردنی ئەو رێکارانە ئەرکێکی ئەخلاقی، نیشتمانی و ئایینییە".

سەبارەت بە هەڵمەتی کوتان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە ماوەیەکە لە تورکیا و لە دوێنێشەوە لە ئێرانی دراوسێی عێراق دەستی پێکراوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێ "جەخت دەکەینەوە لەماوەی رۆژانی داهاتوودا ئەو چینەی کۆمەڵگە کە مەترسیی زۆریان لەسەرە، بە ڤاکسین لە دژی کۆرۆنا دەکوترێن، دواتر چینەکانی دیکە کە کەمتر مەترسییان لەسەرە".