ئەردۆغان: دەبێت سەرۆك وەزیرانی یۆنان سنووری خۆی رابگرێت و ھیچ چارەیەك بۆ قوبرس نییە جگە لە دوو دەوڵەتی

ئەردۆغان: "بتانه‌وێت و نەتانه‌وێت، ھیچ چارەسەرییەك بۆ تەنگژەی دوورگەی قوبرس نییە، جگە لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی توندی ئاراستە سەرۆك وەزیرانی یۆنان، كیریاكوس میتسۆتاكیس كرد، و پشتیوانی نەگۆڕی خۆی دەربڕی بۆ بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باكووری قوبرس.

ئەردۆغان، رۆژی چوارشەممە، لە گوتەیەكیدا لە میانی دانیشتنی فراكسیۆنی حزبی "داد و گەشەپێدان"ی دەسەڵاتدار گوتی: ئەو ناتوانێت چاوی بە میتسۆتاكیس بكەوێت دوای ئەوەی  سەرۆك وەزیرانی یۆنان "قەبووی ئەوی خواست". ئەردۆغان بە "میتسۆتاكیس"ی گوت: "سنووری خۆت رابگرە و قەبۆخوازی ئێمە مەكە، ئەگەر وانەكەیت؛ ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێت تۆ لە دانوستان رادەكەیت".

سەرۆكی توركیا جەختیكردەوە لەوەی رێگا نادات قوبرسییە توركەكانی باكووری دورگەكە بە "قوربانی ئەو تەنگژەیەی نیو سەدەیە بەردەوامە" بمێننەوە. گوتیشی: ئامانجی ئەنقەرە ئەوەیە، قوبرس سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.

ئەردۆغان ئاماژەیكرد، باسكردنی شێوە چارەسەركانی كۆن بۆ پرسی قوبرس بێ ھوودەن. لە قسەكانیشی بەردەوام بوو و بە یۆنان و كۆماری قوبرسی گوت: "بتانه‌وێت و نەتانه‌وێت، ھیچ چارەسەرییەك بۆ تەنگژەی دوورگه‌ی قوبرس نییە، جگە لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ".