له‌ سنووری پێنجوێن په‌كه‌كه‌ بەردەوامە لە وەرگرتنی باج و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك

ره‌فتاره‌كانی په‌كه‌كه‌ خه‌ڵكی توڕه‌ و نیگه‌ران كردووه‌
پەكەكە بەردەوامە لە باج وەرگرتن لە خەڵك
پەكەكە بەردەوامە لە باج وەرگرتن لە خەڵك

K24 – ھەولێر:

لە سنووری شاروچكەی پێنجوێن لە نزیك مەرزی سەیران بەن، پەكەكە باج لە كاسبكار و دانیشتووانی ناوچەكە وەردەگرێت. ھاووڵاتییەك كە باجی لە لایەن پەكەكەوە لێوەرگیراوە قسەی بۆ كوردستان24 كردووە و گوتی: خەڵك زۆر لە پەكەكە نیگەران و توڕەن، بەڵام ناوێرن بە ئاشكرا قسە بكەن. بە گوتەی ھاووڵاتییانی ناوچەكە ئەو باج و سەرانەیەی پەكەكە لە خەڵكی ناوچەی پێنجوێنی وەردەگرێت سته‌مێكه‌، لە لایەن پەكه‌كەوە لێیان دەكرێت.

خەڵکی گوندە سنورییەکان بەگشتی ناڕازین لە بوون و چالاكی چەکدارانی پەکەکە، چونکە ڕۆژانە بۆ ھاوردەکردنی ھەرکاڵایەک لە مەرزە لاوەکییەکانی ئەم سنورەوە باجێکی زۆریان لێ وەردەگیرێت، وەک تیمی کوردستان24 زۆر ھەوڵماندا خەڵکی زیاتر بدوێنین و لە زاری خۆیانەوە شێوازی باج وەرگرتەنەکەی پەکەکە باس بکەن، بەڵام بەھۆی ترسیان لە پەكەكە نەیانتوانی لەبەردەم کامێرا قسەمان بۆ بکەن.

کوردستان24 بۆ ئەوەی بوونی پەکەکە و باج وەرگرتیان لەھاووڵاتیان بسەلمێنێت، تۆمارێکی دەنگی بڵاودەکاتەوە، کە ھاووڵاتیەک دەیەوێت بارێک ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکات؛ بۆیە لەگەڵ فەرماندەیەکی پەکەکە لە سنوورەکە قسە دەکات.

بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری قەزای پێنجوێن گوندنشینانی نیگەران كردووە و ھێزە ئەمنیەکانی ناوچەکەش پاسەوانیان دەکەن و ناھێڵن ھیچ کەسێک لێیان نزیک بێتەوە، ئەو کەسانەی پەیوەندیمان پێوەکردن داھاتی پەکەکە بە زیاتر لە یەک ملیار دینار دەخەمڵێنن بەھۆی وەرگرتنی باجەوە لەھاووڵاتیان، بوونی چەکدارانی پەکەکە بەجۆرێکە ئێستا ھەندێك لە گونشینان بە تەنزەوە دەڵێن: لە جادەی قیر دەرچووی ھێزی ئەمنی ھیچ دەسەڵاتێکی نیە و پەکەکە خۆی دەسەڵاتدارە لە ناوچەكە.