سێ برا لەسەر میرات باوکی خۆیان دەکوژن

بەیەکەوە رێککەوتوون و کوشتوویانە، بە پۆلیسیشیان گوتووە خۆی، خۆی کوشتووە
وێنەی سێ براکە، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە
وێنەی سێ براکە، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

بەهۆی مشتومڕ لەسەر بەشە میرات، سێ کوڕی گەنج لە بەغدا کە برای یەکترن، باوکی خۆیان دەکوژن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ (چوارشەممە، 10ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) بەیاننامەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سێ برایە بڵاوکردەوە، کە دانیانناوە بە کوشتنی باوکیان.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "دوای ئەوەی دادگا قەناعەتی بە گوتەی سێ برا نەهاتووە، کە گوتوویانە باوکیان خۆی کوشتووە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ براکەی دەستگیرکردووە".

لێکۆڵینەوە لە کەیسی گیانلەدەستدانی پیاوەکە کراوە و بەگوێرەی راگەیەندراوەکە "بەڵگە کۆکراوەتەوە و گومان هاتووەتە سەر کوڕەکانی، کە بەیەکەوە لەگەڵ باوکیان ژیاون، پاشان رەزامەندیی دادگا وەرگیراوە لەسەر دەستگیرکردنیان".

هەرسێ براکە، کە وێنەیان لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاوکراوەتەوە، بەپێی وەزارەتی ناوخۆ "دانیاننا بەوەی، هەرسێکیان رێککەوتوون و بەیەکەوە باوکیان کوشتووە بەهۆی ئەوەی ناکۆک بوون لەگەڵی سەبارەت بە بەشە میرات".

بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا باسی وردەکاریی بڕی میراتەکە نەکراوە، هەروەها رووننەکراوەتەوە میراتەکە لە کێوە بۆیان ماوەتەوە.

هـ.ر.