کوردستان24 لە شارۆچکەی ریاز، ئەو شوێنەی لەترسی داعش لە نیوەڕوانەوە چۆڵ دەبێت

لە سەردەمی داعشدا 16 هەزار کەس لە شارۆچکەکە بێسەروشوێن کراون
kurdistan24.net

K24 - شارۆچکەی ریاز

لە شارۆچکەی ریاز، پاشماوەی شەڕی داعش هێشتا لەسەر زەوی کەوتوون و هەڵنەگیراونەتەوە، کەچی ترس لە گەڕانەوەی داعش هەیە، چونکە لە هیچ شار و شارۆچکەیەکی عێراق، هێندەی ئەم ناوچەیە داعش جموجۆڵی زۆر نییە.

شارۆچکەی ریاز سەر بە قەزای حەویجەیە لە باشووری کەرکووک، ئەو شوێنە لەدوای کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕوان ئیدی بازاڕ و کوچە و کۆڵانەکانی چۆڵ دەبن و، تەنها ژمارەیەکی کەم هێزی سەربازیی تێدا دەمێنێتەوە.

عومەر عاس، ماوەی سێ ساڵە کاری ئەوەیە: لە رۆژدا دەگەڕێتەوە شارۆچکەکەی و لە شەوانیشدا دەگەڕێتەوە نێو شاری کەرکووک، چونکە دانیشتووانی ریاز هیچ شەوێکی ئارام بەڕێناکەن و بەردەوام داعش هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی عێراق لە سنوورەکەیان.

عومەر عاس، دانیشتووی شارۆچکەی ریاز پێش نیوەڕۆیەک قسەی بۆ کوردستان24 کرد، ئەو دەڵێ "کەمێکی دیکە یەک هاووڵاتی لەم بازاڕەدا نابینی، ئەم شارە چۆڵ دەبێت. بەڵێ مەترسی هەیە، بەڵام چی دەکەی".

لە سەردەمی داعشدا 16 هەزار کەس تەنها لە شارۆچکەی ریاز بێسەروشوێن کراون، نیوەی دانیشتووانەکەشی هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان.

هاووڵاتییەکی دیکەی شارۆچکەکە دەڵێ "کێشەمان رێگەکەیە. هێزەکان زۆرجار رێگەکان دادەخەن لێمان و ناتوانین هاتووچۆ بکەین".

لە دوای 2017ـەوە، بە بەردەوامی چەکدارانی داعش لەم سنوورەدا بەهێز ماونەتەوە، زۆرجار لە گوندەکانی دەوروبەری حەویجە چەندین گوند و ناوچەیان کەوتووەتەوە ژێر کۆنترۆڵ.

بەدرێژایی رێگایەکی دوورودرێژ، چەندین هێزی سەربازی عێراقی لەسەر رێگاکەن، بەڵام کێشەی ئەم هێزانە ئەوەیە: خەڵک هاوکارییان ناکات بە پێدانی زانیاری و ئەوانیش نامۆن لە ناوچەکە، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ، لە سنوورەکە داعش بەهێزتر دەبێتەوە و زیاتر خۆیان رێکدەخەنەوە.

 

هـ.ر.