دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەدرێت
K24 - ھەولێر
ئەندامێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهەێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دەدرێت.
د. مەیادە نەجار، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆببێتەوە،و هەموو ماددەکان تەواوکراون تەنها هەندێک خشتە نەبێت.
گوتیشی "ماددەی 10 و 11 کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان کۆتاییان پێنەهاتووە و تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە".
د. مەیادە نەجار، راشیگەیاند "لە بەغدا تێبینی ئەوە دەکەن، ئیرادەیەک هەیە، بۆ ئەوەی دۆسیەی نەوتی کوردستان بخەنە ژێر رێکفی خۆیان، کە ئامانجیانە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و لە نەخشەی پیشەسازی نەوت دووری بکەنەوە، بۆیە هەندێک مەرجی مەحاڵ لەسەر شاندی هەرێمی کوردستان دادەنێن، بۆ ئەوەی سەرجەم دۆسیەی نەوتی رادەستبکەن، کە مەرجی قورسە و هەرێمی کوردستان ناتوانێت جێبەجێی بکات".
ئاماژەی بەوەشكرد "لە کاتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە بە زۆرینە و کەمینە هاوشێوەی تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی لە 2020، ئەوا هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتەکانی خۆی دەبەستێت، واتە ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە تێپەڕێت و پشت لە پێکهاتەی کورد بکرێت، ئەو کاتە هەرێمی کوردستان پلانی خۆی هەیە و جێگرەوەی دیکەی هەیە وەک پشت بەستن بە داهاتی ناوخۆ و ئەنجامدانی چاکسازی، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەو داهاتەی لەبەردەست حکوومەتی هەرێمی کوردستانە خۆی پێ بەڕێوەببات".