ئومێد سەباح: كەشێكی ئەرێنی لە گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە

"بۆ پلانی نوێی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران سەرۆكی حكومەت، وەزارەتی دارایی راسپاردووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، كەشێكی ئەرێنی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ھەیە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی راسپاردووە، بەپێی داھاتی بەردەست مانگانە مووچە دابەش بكرێت.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە كوردستان24ی گوت: "لە قۆناغی پێشتردا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەمان ئامادە كرد و لێكتێگەیشتنی باش ھاتووەتە ئاراوە، دواتر لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و ھەردوو وەزیرانی دارایی و نەوت كەوتینە گفتوگۆ، ئەو پڕۆژەیاسایەكی لەسەری رێككەوتبووین ئەوەیان رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرا، لە قۆناغی سێیەمدا لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق دانوستانمان كرد، تاكو ئێستا كەشێكی ئەرێنی باش لە گفتوگۆكانمان ھەیە، ھەرچی داتا و زانیاری كە ئەوان مەبەستیان بوو پێشكەشمان كردن، ھیواخوازین ھەردوولامان لە چواچێوەی دەستووردا بگەینە رێككەوتنێكی باش".

سەبارەت بە چوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ئومێد سەباح، گوتی: "خۆمان ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەینەوە، لەگەڵ كاك قوباد قسەمان كردووە و پێی گوتین خۆتان ئامادە بكەن، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسەی كردووە، ئێمەش لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسە دەكەینەوە و بێگومان دوای رەزامەندی سەرۆك وەزیران دەچینەوە بەغدا".

خەختیكردەوە: "گفتوگۆكان لەگەڵ لیژنەی دارایی و سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەردەوامن، دەمانەوێت مەرجەعیەتی ھەردوولامان دەستووربێت، ناكرێ پێشنیازی ھیچ لایەكمان پێچەوانەی دەستووربێت".

لەبارەی پلانی دابەشكردنی مووچە بۆ مانگەكانی داھاتوو كە راگەیەندراوە ھەموو 25ی مانگێك مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: "جەنابی سەرۆكی حكومەت، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی راسپاردووە، بەپێی داھاتی بەردەست دەبێت ھەموو 30 رۆژ جار دابەشبكرێت بەسەر ئیستحقاقی فەرمانبەران، بەتایبەتی وەزارەتی دارایی بۆ ئەو بابەتە راسپێردراوە".

دەربارەی ئەوەی كە حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی كوردستانی كردووە، ئومێد سەباح گوتی: "تائێستا حكومەتی عێراق بە فەرمی ھیچ پێشنیازێكی لەمشێوەیەی پێشكەش بە ئێمە نەكردووە، كۆمەڵێك پرسیار لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم كران، لەدوای رەزامەنی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت وەڵامی پرسیارەكانمان داوەتەوە، ئەو بابەتە لەناو پرسیارەكان نەبووە".