بیتکۆین هەفتەیەکی گرنگی بەڕێکرد

دامەزراوەیەک دامەزرا بۆ ئەوەی بیتکۆین بکاتە "دراوی ئینتەرنێت"
بەهای هەر یەک بیتکۆین گەیشتووەتە 45 هەزار دۆلار
بەهای هەر یەک بیتکۆین گەیشتووەتە 45 هەزار دۆلار

K24 - هەولێر

هەفتە گرنگەکەی بیتکۆین، گرنگتریش بوو دوای ئەوەی جاک دۆرسی و جەی زی رایانگەیاند بەیەکەوە سندووقێکی تایبەت بە پێشخستنی بیتکۆین پارەدار دەکەن.

جاک دۆرسی، دامەزرێنەری تویتەر دوێنێ (هەینی، 12ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند لەگەڵ راپەڕی ئەمەریکی جای زی بە هاوبەشی سندووقێک پارەدار دەکەن بۆ ئەوەی بیتکۆین بکەنە "دراوی ئینتەرنێت".

دۆرسی، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی کۆمپانیای سکوێرە بۆ خزمەتگوزارییەکانی پارەدان، لە تویتەر نووسیویەتی "من و جای زی، 500 بیتکۆین دەدەین بۆ پارەدارکردنی پێشخستنی بیتکۆین، سەرەتاش لە چەند تیمێکی ئەفریقا و هیندستان دەستپێدەکات".

بەهای ئەو 500 بیتکۆینە رۆژی هەینی گەیشتە 24 ملیۆن دۆلار.

دۆرسی ئاماژەی بەوە دا، ئەو و جای زی، هیچ رێنماییەک نادەن بەو تیمە سێ کەسییەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن، کە لەرێگەی پارەدارکردنەکە پێکدێت بۆ پێشخستنی بیتکۆین.

هەرچەندە گومان هەیە لەوەی بیتکۆین لە مامەڵەی نایاسایی بەکاربێت، بەڵام بەهۆی وەبەرهێنانی گەورە کۆمپانیاکانی جیهان، ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە گەشەسەندنێکی زۆر تۆماردەکات.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، کۆمپانیای تێسلا رایگەیاند بە بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە بیتکۆین و نیازی هەیە بەو دراوە ئەلیکترۆنییە ئۆتۆمبێلیش بفرۆشێت.

جاک دۆرسی هەرگیز گرنگیدانی خۆی بە دراوی بیتکۆین نەشاردووەتەوە و پێیوایە ئەمجۆرە دراوە، نموونەی حکومەتێکی نامەرکەزییە لە ئینتەرنێت.

بیتکۆین لە ساڵی 2009ـەوە بەردەست بووە، هەرچەندە سەرەتا بەهای زۆر نەبوو، بەڵام لەماوەی ئەو هەفتەیەکدا هەر یەک بیتکۆین بەهای گەیشتووەتە 45 هەزار دۆلار.

 

هـ.ر.