وه‌زیری به‌رگری توركیا سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراق به‌سه‌ر كرده‌وه‌

له‌و سه‌ردانه‌دا وه‌زیری به‌رگری ناوچه‌كانی سنووری ویلایه‌تی "شه‌رناخ"ی به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه
خلووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا
خلووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری به‌رگری توركیا، "خلووسی ئاكار" و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا، "یه‌شار گوله‌ر" و ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراقیان كرد.

ئاژانسی هه‌واڵده‌ری "ئه‌نادۆڵ" بڵاویكرده‌وه‌، له‌و سه‌ردانه‌دا وه‌زیری به‌رگری ناوچه‌كانی سنووری ویلایه‌تی "شه‌رناخ"ی به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هاوڕێك له‌گه‌ڵ سنووری عێراقدا سوپای توركیا له‌ ئه‌ركدایه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان.

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، "خلووسی ئاكار" و  فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا سه‌ردانی ژووری ئۆپراسیۆنی "چنگی هه‌ڵۆ -2"یان كردووه‌.

ئۆپراسیۆنی "چنگی هه‌ڵۆ -2" بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ سنووری ناوچه‌ی "گاره‌" ده‌ستیپێكردووه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی "چنگی هه‌ڵۆی 2" سێ سه‌ربازی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كانی "باكووری عێراق" كوژران.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، گوتی: رۆژی چوارشه‌ممه‌ (10ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021) له‌ ئاكامی پێكدادانێكی سه‌ربازیدا له‌ ناوچه‌ی "گاره‌" له‌ "باكووری عێراق" دوو سه‌رباز كوژران و رۆژی دواتریش به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ربازێكی دیكه‌ گیانی سپارد.

سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له‌ دژی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌و پارته‌ چه‌كدارییه‌ كوردییه‌، خراوه‌ته‌ لیستی "تیرۆر"ی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاوه‌ و ماوه‌ی نزیكه‌ی چل ساڵه‌ له‌ شه‌ڕی چه‌كداریدایه‌ له‌گه‌ڵ سوپای توركیا.

عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، كه‌ له‌ (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 1999)ه‌وه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌، له‌ (1979) پارتی كرێكارانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیای چه‌پگه‌را دامه‌زراندووه‌ و له‌ (15ی ئاب/ ئۆگستی 1984)ـه‌وه‌ شه‌ڕی چه‌كداری له‌ دژی سوپای توركیا راگه‌یاندووه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، له‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی (40) ساڵ شه‌ڕوپێكدادانی نێوان هه‌ردوولادا زیاتر له‌ (35) هه‌زار كه‌س كوژراوون.

پارتی كرێكاران له‌ سنووری خاكی توركیا كشاوه‌ته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنكه‌ و باره‌گای چه‌كداری داناوه‌.

له‌ مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا توركیا له‌شكركێشی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی ئه‌و پارته‌ چه‌كدارییه‌ له‌ سنووری ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند بۆنه‌ی جیاوازدا داوای له‌ هه‌ردوولایه‌نی ناكۆك كردووه‌، شه‌ڕ و گێچه‌ڵی چه‌كداریان له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان دووبخه‌نه‌وه‌ و داواشی له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان كردووه‌، خاكی هه‌رێم به‌جێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جوگرافیای خۆی.

پارتی كرێكارانی كوردستان، تا ئێستا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌جێبهێڵێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا توركیا شه‌ڕی چه‌كدارانی ئه‌و هێزه‌ی هێناوه‌ته‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.