سنووری سووریا بەكردەیی لەدەست كێیە؟

ئێران و میلیشیاكانی نەك كۆنترۆڵی سنوو بەڵكو فڕۆكەخانە سەربازییەكان و دەروازە سنوورییەكانییان كردووە
میلیشیاكانی حزبوڵڵا
میلیشیاكانی حزبوڵڵا

K24 – ھەولێر:

لە زۆر ناوچەی سنووری سووریا، حكومەتی دیمەشق دەسەڵاتی خۆی سەپاندووە، یاخود وا دەڵێت، بەڵام زۆر زانیاری ھەیە، كە دەیسەلێمێنێت، ئەو ناوچانە بە كردەیی لە لایەن میلیشیاكانی ئێران كۆنترۆڵ كراون. ئێستاش ئێران جارێكی دیكە ھێز و میلیشیاكانی خۆی بە شاراوەیی بڵاودەكاتەوە بۆ لە خشته‌بردن، لە ترسی ئەوەی دووچاری بۆردومانە ئاسمانییەكان ببێتەوە.

ئەو ناوچانە ملیشیاكان تێیدا بڵاوبوونەتەوە لە ناوچەكانی سنووری عێراق دەسپێدەكات بەرەو باشووری سووریا تا دەگاتە سنوور لەگەڵ لوبنان.

زانیارییەكان ئاشكرای دەكەن، میلیشیاكانی حزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیاكانی دیكەی سەر بە ئێران كۆنترۆڵی 20% سنووری ئەو وڵاتەیان كردووە.

ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی گومركی سووریا بەفەرمی بەرپرسن لە ئیدارەی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ عێراق (ئەلبوكەمال)، ئوردن (نەسیب) و لوبنان (ئەلعەریزە، جەدیدە یابوس، جوسییە و دبوسییە)؛ بەڵام لەڕاستیدا كۆنترۆڵكردنی راستەقینە لە شوێنی دیكەوەن.

میلیشیاكانی حزبوڵڵا سنووری لوبنانیان داگیركردووە و بنكەكانی خۆی لە دیوی سووریا دامەزراندوون و بە تایبەتی لە ئەلزبدانی و ئەلقەسیر، لەوێشەوە كۆنترۆڵی ناوچەی قەلەموونی چیایی كردووە.

بەھەمان شێوە، میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران ھەردوو دیوی سنوور لە ئەلبوكەمالەوە تاكو تەنەف بەڕێوە دەبەن.

ھەروەھا چنگی ھێزەكانی سەر بە ئێران دەگاتە زۆر لە فڕۆكەخانە سەربازییەكانی سووریا، كە زۆربەی كات وەكو ئامرازێكن بۆ گواستنەوەی چەكی ئێرانی بۆ میلیشیاكانی حزبوڵڵا لە جۆلان و لوبنان.

ئەم دۆخەش ئاشكرا دەكات، كەوا سووریا بەتەواوی تێكەڵ بە میحوەری ئێران بووە.

دووبارە بڵاوكردنەوە  و جێگیركردنەوە

ھەر لە ھەمان چوارچێوەدا، روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سووریا، جارێكی دیكە بە مەبەست دەستیانكرد بە دووبارە بڵاوكردنەوە و جێگیركردنەوە لە ناوچە گوندنیشنەكانی دیرەزووری نزیك سنوور لەگەڵ عێراق، لە لێوارەكانی رۆژئاوای رووباری فورات.

ئەم ھەنگاوەی میلیشیاكان ھەوڵێكە بۆ خۆشاردنەوە و لەخشته‌بردن لە ترسی بە ئامانجكردنی شوێنەكانیان لە لایەن ئیسرائیل و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

ئەو میلیشیایانە، لە ھەردوو ناوچەی ئەلبوكەمال و میادین و دەوروبەری دێرەزوور، بارەگا كۆنەكانیان بۆ شوێنی نوێ گواستەوە و چەك و جبەخانەكانیشیان بۆ ئەمباری نوێ گواستەوە.

لەخشته‌بردن

میلیشیاكان مەبەست  و ئامانجیان لەو دووبارە بڵاوبووەنەوەیە لە خشته‌بردنە بەوەی خۆیان و شوێنەكانیان بەشێوازی مەدەنی داپۆشراون، لە ترسی ئەو بۆردومانانەی چەندن جار كراونەتە سەریان و بوونەتە ھۆی زیانی مرۆڤی و ماددی زۆر بەو میلیشیایانە.

ئەم ھەنگاوەی میلیشیاكان لە كاتێكدایە روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختیكردووە، لەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان ئۆتۆمبێلێكی كردووەتە ئامانج، كە بارێكی چەكی لە عێراقەوە بەرەو سووریا دەگواستەوە، لە نزیك دەروازەیەكی سەربازی نایاسایی لە نێوان عێراق و سووریا. كە واباوە ئەو دەروازەیە لە لایەن میلیشیاكانەوە بەكاردەھێنرێت بۆ ھاتووچووكردن لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و ھێنان وبردنی كەلوپەلی سەربازی لە نزیك شاری ئەلبوكەمال لە ناوچە گوندنشینەكانی رۆژھەڵاتی دێرەزۆر.

ئەو ناوچە زۆر كرانە ئامانج، زۆربەی ھێرشەكانیش لە لایەن ئیسرائیلەوە بوون دژ بە پێگە سەربازی و كاروانەكانی میلیشیاكان.

شەڕ لە سووریا لە ساڵی 2011 هه‌ڵگیرسا و ھەر زوو ناڕەزاییەكانی خەڵك بوونە پێكدادانی چەكداری و بە پەلەش لایەنە دەرەكییەكان خۆیان تێھەڵقورتاند، وەك ئێران بۆ پشتیوانیكردنی سەرۆكی سووریا، بەشار ئەسەد.

دوای سنوورداربوونی كڵپەی شەڕەكە لە سووریا بە تایبەتی دوای پاشەكشەكردنی بەرھەڵستكاران لە پارێزگای ئیدلب و تێكشكاندنی رێكخراوی داعشی تیرۆریست، میلیشیا ئیرانییەكان لە زۆر ناوچەی وڵاتدا بوونە خاوەن ھەژموون و تاران بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بەكاریان دەھێنێت.

ئێران بەھەموو ھێزێكەوە ھەوڵ دەدات ھەبوونێكی خۆی لە سەر سنووری نێوان سووریا و عێراق بپارێزێت، چونكە خاڵێكی سەرەكییە لەگەیاندنی ھاریكاری بە میلیشیاكانی حزبوڵڵای لوبنانی، كە یەكێكە لە بریكاره‌ ھەرە دیارەكانی لەناوچەكەدا.

ھەر یەك لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئیسرائیل بەچاوی مەترسییەوە لەو میلیشیایانە دەڕوانن، ھەر ئەمەشە راڤه‌ی چەند بارەبوونەوەی ئەو ھێرشانە دەكات، كە بە مووشەك دەكرێتە سەریان ناوی لایەنی بكەری راستەقینە راناگەیەندرێت.

سەرچاوە: سكای نیوز