هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئەدای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌كرێت

"ئەرکێکی گران لەسەر شانی نوێنەرانی کوردە، بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیە جێگیر بکەن، کە پشکی کوردە و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەری رەزامەند بووە"
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

لە دەزگای مەدارك لە شاری سلێمانی، روانگەی نوێنەرایەتی عێراقی راپۆرتێكی لەسەر كاری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو، بەتایبەتی ئەو ئەندامانەی كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی خەڵك متمانەی پێداون، بە گوێرەی بەشداربووانی راپۆرتەكە خەڵكی لە بەشێكی زۆری نوێنەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی نیگەرانن، كە وەك پێویست لە ئاست بەڵێن و بانگەشەكانیان نەبوون، كە به‌رله‌وه‌ی بچن پەرلەمان بەدەنگدەرانیان دابوو.

روانگەی نوێنەرایەتی عێراقی لە دەزگای مەدارک راپۆرتێکی لەسەر ئەدای کاری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە، ئەنجامی راپۆرتەکە لە بەرژەوەندی نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی نەبوو، بە تایبەت لە بەدەمەوە ھاتنی داخوازی ھاووڵاتیانی سلێمانی و جێبەجێکردنی داواکانیان، ئارام جەمال، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێویستە ھەر نوێنەرێک، کە دەچێتە پەرلەمان راستگۆ بێت لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی، کە پێش ھەڵبژاردن کردوویەتی و پابەندی ئەو بەرنامە سیاسییە بێت، کە ئەوی وەک نوێنەر ھەڵبژاردووە.

نەبەرد کەریم، مامۆستای زانکۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتی: "ئێستا ئەرکێکی گران لەسەر شانی نوێنەرانی کوردە، بەتایبەت ئەوانەی ئەندامی لیژنەی دارایین، بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیە جێگیر بکەن، کە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق وەکو پشکی کورد جێگیر کراوە و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەری رەزامەند بووە".

شارەزیان و چالاکوانان بە پێویستی دەزانن، کە لایەنە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، کەسانی شارەزا و بە ئەزموون وەکو نوێنەر بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێرن، تاوەکو بتوانن لە پەرلەمان وەکو نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.

د.ی