بەھۆی ئاگركەوتنەوە (90) دوكانی بازاڕێكی مەھاباد سووتان
K24- ههولێر:
بەھۆی ئاگركەوتنەوە له بازاڕێكی مەھاباد، نزیكەی (90) دوكان بە تەواوەتی سووتاون، دوكاندارەكان ئاماژهیان بهوه كرد، زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و داوای قەرەبووكردنەوە لە حكومەت دەكەن، ھاوكات ھەندێك لە شایەتحاڵەكانیش باسیان لەوە كردووە، كە بەھۆی كەمتەرخەمی شارەوانی ئەو شارە ئاگرەكە درەنگتر كوژاوەتەوە و نزیكەی (100) ملیار تومەن زیانی لە خەڵك داوە.
بە (3) كاتژمێر بەرھەمی تەمەنێكیان بووە خۆڵەمێش، تهنیا پاشماوەی ئاگرە ماوه، كە درەنگانی شەوی ھەینی لە بازاڕی ئەسغەری مەھابادی رۆژھەڵاتی كوردستان كەوتەوە، ئاگرەكە زۆر بەخێرایی تەشەنەی كردووه، سەرەڕای هەوڵی زۆری لایەنە پەیوەندیدارەكان و خەڵكێكی خۆبەخش، بەڵام كاتژمێر (3)ی بەرەبەیان توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
كێشەی سەرەكی تەشەنەكردنی ئاگرەكە ئەوە بووە، كە دەرگای چوونە ژوورهوهی بازارەكە ھێندە بچووك بووە، كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە نەیانتوانی بە ئاسانی بچنە ژوورەوە، ئەوەش وایكردووە كە نزیكەی (90) دوكان تەواو بسووتێن و دەیان دوكانی دیكەش بە رێژەی جیاجیا زیانیان بەركەوتووە، هێشتا کۆی زیانەكان نەزانراوە، بەڵام شایەتحاڵەكان رایانگهیاند، زیانەكان (70) بۆ (100) ملیار تومەن دەبێت و بەشی زۆری دوكاندارەكانیش كرێچین.
تاكو ئێستا دیار نییە، ھۆكاری سەرەكی ئاگرەكەی بازاری ئەسغەری مەھاباد چی بووە، بەڵام كارمەندانی ئاگركوژێنەوە بە دوكاندارەكانیان گوتووە، كە شۆرتی كارەبا بووە، یانیش تەقینی بوتڵی گازی سۆپا بووە.
ئهو دوكاندارانە دڵیان بە ھاتنی نەورۆز خۆشبوو، كە بازاریان جوڵەیەكی تێبكەوێت، بەو رووداوە ئەوەی ھەشیانبوو لەدەستیاندا.
د.ی