تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چیای گارەی راگەیاند

توركیا و پەكەكە ئاماری كوژراوانی یەكتر بڵاودەكەنەوە
ھێلیكۆپتەرێكی سەربازی توركیا - فۆتۆ:aa
ھێلیكۆپتەرێكی سەربازی توركیا - فۆتۆ:aa

K24 - ھەولێر

وەزیری بەرگری تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان دوای چوار رۆژ لە چیای گارە کۆتایی هاتووە و هێزە زەمینی و ئاسمانییەکانیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکراشی کرد "لە ئۆپەراسیۆنی چیای گارەدا 48 گەریلای پەکەکەیان کوشتووە و دوو گەریلاشیان بە دیل گرتووە".

راشیگەیاند، سێ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و سێ سەربازی دیکەشیان برینداربوون.

وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 13 هاووڵاتییەی لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکرابوون، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.

لە بەرامبەردا پەكەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 30 سەربازی سوپای توركیایان لە گارە كوشتووە

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 11/2/2021، وەزارەتی بەرگری توركیا ئۆپەراسیۆنی (چنگی ھەڵۆ-2)ی دژی پەكەكە لە چیای گارە دەستپێكرد.