چیرۆکی دوو گەنجی ئێزدی، باسی "برینی قوڵی" دڵیان دەکەن

بێهیوا بوون لە هەڵدرانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی ئازیزانیان
kurdistan24.net

K24 - شنگال

دەرگایەک نەماوە سەمیر لێینەدات، تاوەکو هەندێک زانیاریی لەبارەی کەسوکارە بێسەروشوێنبووەکانی بزانێت، بەڵام ئەمە تەنیا خەمی دڵی ئەو گەنجە ئێزدییە نییە، بەڵکو برینێکی سەختی دیکەش لە دڵیدایە.

ژمارەیەک کەسوکاری سەمیر لەدوای شەهیدکردنیان لەلایەن داعشەوە، لە گۆڕی بەکۆمەڵ شاردراونەتەوە، بەڵام شەش ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕیوە و، هێشتا مافەکانیان دیار نییە، بۆیە بێهیوا بووە و دەڵێ "بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق کڕیاریان نەماوە".

سوڵتان مەحموود، گەنجێکی دیکەی ئێزدییە و حەوت کەس لە خێزانەکەی لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بوون، بەڵام گۆڕە بەکۆمەڵەکە نەپارێزراوە و بەشێکی سووتێنراوە.

سەمیر فارس دەڵێ "دەبووایە ئاسانکاریمان بۆ کرایە، بەڵام بەداخەوە وەک من دەیبنم، کەس خۆی ناکاتە خاوەن".

سوڵتانیش بەهەمان شێوە گلەیی هەیە، باس لەوە دەکات کاتێک داعش هاتووە، "حەوت کەس لە خێزانەکەی ئێمە کوژران، سێ چوار کەسی دیکەی خەڵکی گوندەکەمان هەر لە ماڵەکەی ئێمە کوژران، نزیکەی 10 بۆ 12 پیاو لەو گۆڕەدان. ئەو گۆڕەش بەشێکی سووتێنرا و هەموو بەڵگەکانی نێوی لەنێوچوون، ئەو ئێسکانەی مابوون ئێمە ژێرخاکمان کردن".

پسپۆرێکی جینۆساید روونی دەکاتەوە گۆڕی بەکۆمەڵ بەڵگەن بۆ ناساندنی جینۆساید لە لایەنی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام حکومەتی عێراق هیچ گرنگییەکی بە گۆڕی بەکۆمەڵ نەداوە و پشتگوێی خستوون، ئەمەش مەترسییە لەسەر هێنانەدی مافەکانیان.

داود خەتاری، لێکۆڵەر دەڵێ" ئێمە زۆرجار گوتوومانە و زۆرجار ئەوان دەڵێن بەسەرچاو، گرووپ هاتوون و هێڵکارییان کردووە و ئەمە و ئەوەیان کردووە و پلانیان داناوە، بەڵام ئەنجام نییە".

هەتاوەکو ئێستا 21 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال لەلایەن تیمی تایبەتی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، بەڵام هێشتا 60 گۆڕی بەکۆمەڵ ماون، کە ئێسکوپرووسکی نێو هەندێکیان بەهۆی بارانبارینەوە ئاو بردوونی، یان لەلایەن گرووپی نەناسراوەوە گۆڕە بەکۆمەڵەکان سووتێنراون.

هـ.ر.