وەزیری بەرگری تورکیا نهێنییەک لەبارەی رزگارکردنی بەندکراوەکانیان ئاشکرا دەکات

K24- هەولێر:
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، تەرمی 13 بەندکراوی تورکیان لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی ''باکووری عێراق'' دۆزیوەتەوە.
وەزیری بەرگری کە دوێنێ شەممە سەردانی هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە جەنگی سوپای تورکیا و پەکەکە، رایگەیاند، پێشتر رفاندنی ئەو 13 هاووڵاتییەمان بەهۆی هۆکاری ئەمنی رانەگەیاندبوو، بەڵام تەرمی هەموویان لە ئەشکەوتێک دۆزرانەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ''بارمتەکان بێ چەک و بێ تاوان بوون، 12 کەسیان گولـلە بە سەریان کەوتووە و یەکێکی دیکەش تەقە لە شان و ملی کراوە''.
بە گووتەی وەزیری بەرگری تورکیا، دوو چەکداری پەکەکەیان دەستگیر کردووە و زانیارییەکانیان لەوان وەرگرتووە.
تاوەکو ئێستا، پەکەکە وەڵامی ئەم لێدوانانەی وەزیری بەگری تورکیای نەداوەوەتەوە و پشتڕاستی نەکردوونەتەوە.
چەند رۆژێکە تورکیا ئۆپراسیۆنی "چنگی ههڵۆ -2" بۆ سهر هێزهكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له سنووری ناوچهی گاره دهستیپێكردووە و شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.
Reuters