جوتیاران کێشەی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق هه‌یه‌

"لەبەر بەرھەمی قاچاغی تورکی و ئێرانی و سووری بۆ عێراق، ناھێڵن بەرھەمەکانمان ساغ ببێتەوە"
به‌رهه‌می جوتیارانی كورد ساغ نابێته‌وه‌
به‌رهه‌می جوتیارانی كورد ساغ نابێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

جوتیارانی ھەرێمی کوردستان گرفتیان ھەیە، کە رێگە نادرێت بەرھەمەکانیان ھەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکەن، بەڵام بەرھەمی ئەوان ھاوردە دەکرێت و لەم بارودۆخەش زۆر زەرەرمەند بوون، چەند جوتیارێک بۆ کوردستان24 ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، لەبەر بەرھەمی قاچاغی تورکی و ئێرانی و سووری بۆ عێراق، ناھێڵن بەرھەمەکانیان ساغ ببێتەوە.

لە عەلوەی ھەولێر، بەشی زۆری ئەو کەلوپەلانەی دەبینرێن، عێراقی و سووری و ئێرانی و تورکییە، بەشێکی بە قاچاغ و بەشێکیش رێگە پێدراون.

جوتیاران بەدەست بەرھەمی بێگانەوە ماندوو و شەکەت بوون، بەرھەمی خۆشیان ساغ نابێتەوە.

مام حوسێن عه‌لی، (40) ساڵە جوتیارە، تاکە گلەیی ئەوەیە بھێڵن بەرھەمەکانی ساغبکاتەوە، ئەو روونیكرده‌وه‌، له‌به‌ر کەلەم و پەتاتە و پیاز و خاسی ئێرانی و سووری و تورکی، ھی ناوخۆ ساغ نابێتەوە.

جوتیارانی ھەرێم لە دوو لاوە زەرەرمەندن، لە لایەك بەرھەمی قاچاغ تەنگی پێ ھەڵچنیوون، لە لایەکی دیکەش حکومەتی عێراق ناھێڵێت بەرھەمەکانیان بنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

وەزارەتی کشتوکاڵ، بەشێک لە بەرھەمە وەرزییەکانی قەدەغە کردووە، بەڵام ئێستا عەلوەکان پڕبوون لە بەرھەمی قاچاغ و پشکی شێری ھەموو بەرھەمە قاچاغەکانیش، بەر بەرھەمی ئێرانی دەکەوێت، ئەمە جگە لە بەرھەمی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

د.ی