ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی به‌رده‌وامن

فراكسیۆنی گۆڕان: ھەندێك بازرگانی سیاسی كێشە بۆ یاسای چاكسازی دروست دەكەن
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند، هەندێک بازرگانی سیاسی ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دروست دەکەن، بەشێک لەو ئاستەنگانەش بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەوەیە، لیژنەی دەسپاکی پەرلەمانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئیرادەی حکومەت لەو رێگرییانە بەهێزترە و هۆکاری سستی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پەیوەندی بە رێگرییە سیاسییەکانه‌وه‌ هەیە.

فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەو پەیڕوانەی بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی چاکسازی دیاری کراون، سەرقاڵی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازین، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی جگە لە یاسا، پێویستی بە رێککەوتنی سیاسیش هەیە، ئەو ماددانەی یاساکە، کە لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتی سیاسیش نییە، ئاستەنگی هەیە، بە تایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند وەزارەتێکی دیکە.

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن ئەو ئاستەنگانەیان هەیە، ژمارەیەک بازرگانی سیاسیش هەن رێگرن، بەڵام پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای چاکسازی و سندوقی داهاتە نەوتییەکانیش هۆکارن بۆ خێرا جێبەجێکردنی چاکسازی له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان.

ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم كەرتەكان، کارنامەی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، ئاستەنگ و رێگری سیاسیش زۆرن، بەڵام ئەو ئاستەنگانە نەبوونەتە هۆی راگرتنی چاکسازی، چونكە ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ئاستەنگانە بەهێزترن، لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەسپاکی پەرلەمانی كوردستان روونیكرده‌وه‌، رێگرییە سیاسییەکان هۆکارن بۆ سستی جێبەجێکردنی ماددەکانی چاکسازی.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکیدا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تی دێکس نیشتمان رایگەیاند، "هەندێک جار، هەندێک کەس، خاوەن بەرژەوەندی تایبەتن و رێگری لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن".  ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئێستا لە سەرچاوەکانی داهات وەک نەوت و خاڵە سنوورییەکان و کەرتەکانی دیکە دەستی بە چاکسازی کردووە، ئاستەنگە سیاسییەکانیش زۆرن، بەڵام ئیرادەی حکومەت لە ئاستەنگەکان بەهێزترە و رۆژ دوای رۆژ بەرهەمی چاکسازییەکان زیاتر دەبێت.

د.ی