وەزیرێكی فەره‌نسا: ئەردۆغان ھەوڵدەدات ھەژموونی خۆی بەسەر ئەوروپادا بدات

"سیاسەتی توركیا مەترسی دەخاتە سەر موسڵمانانی فەرەنسا و ئەوروپا"
وەزیری ئابووری فەرەنسا، برۆنۆ لۆ میر
وەزیری ئابووری فەرەنسا، برۆنۆ لۆ میر

K24 – ھەولێر:

لە كاتێكدا پەیوەندییەكانی توركیا و ئەوروپا بەگشتی و بە تایبەتی فەره‌نسا شێلوو بووە بەھۆی گرژییەكانی ماوەكانی پێشوو، ئەمڕۆ یەكشەممە، فەرەنسا جارێكی دیكه‌ رەخنەی توندی لە ھەوڵەكانی ئەنقەرە گرتەوە لە ھەوڵەكانیدا بۆ پەلھاوێشتن بە ھەژموونی خۆی بەرەو خاكی ئەوروپا.

لەم بارەوە وەزیری ئابووری فەرەنسا، برۆنۆ لۆ میر لە چاوپێكەوتنێكی رادیۆییدا جەختیكردەوە لەوەی ئەو رەفتارەی توركیا بەھیچ شێوەیەك قەبووڵكراو نییە.

ھەروەھا حكومه‌تی ئەردۆغانی تۆمەتباركرد بە نەك تەنھا ھەوڵدان بۆ فراوانكردنی ھەژموونی خۆی لە فەرەنسا بەڵكو لە ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیكەی ئەوروپاش ئەو ھەوڵە دەدات. گوتیشی: ئەم سیاسەتە رەتكراوەیە و ناكرێت قبووڵ بكرێت بەھاكانی كۆماری لە فەرەنسا بكەونە ژێر كاریگەرییەكانی بیانی.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئەوەی ئایا توركیا ھەوڵ دەدات كاریگەری لەسەر ئیسلام ھەبێت لە وڵاتەكەیدا، یاخود ئایا سیاسەتی توركیا مەترسی دەخاتە سەر موسڵمانانی فەرەنسایی، وەزیری فەرەنسایی بە ئەرێ وەڵامی دایەوە و روونیكردەوە، ئەو كارەی توركیا نەك تەنھا فەرەنسا دەگرێتەوە، بەڵكو ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیكەی ئەوروپایش دەگرێتەوە.

لە میانی چەند مانگی رابردوودا، پاریس رەخنەی زۆر توندی ئاراستەی ئەنقەرە كرد، لە ئەنجامی زیادبوونی گرژی لە نێوانیاندا بە ھۆی زۆر دۆسیەوە، بە تایبەتی كوشتنی مامۆستایەكی فەرەنسایی لە سەر دەستی توندڕەوێكەوە و قۆزتنەوەی ئەو پرسە لە لایەن ھەندێك لە بەرپرسانی توركیا بۆ ئەوەی نەوت بە ئاگركردا بكەن.

بەڵام ئەنقەرە لەم دواییەدا ھەوڵیدا زمانەكەی نەرم بكاتەوە بە مەبەستی نزیكبوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا دوای ئەوەی یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەسەپاندنی سزای زیاتری كرد بەسەر توركیادا بە تایبەتی، كە لە رەوشێكی ئابووری خراپ دایە.