ئەنقەرە و پەكەكە یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە كوشتنی 13 كه‌س لە گارە

ھەدەپە: "خەمباری قووڵی خۆی" دەربڕی بە كوژرانی ئەو 13 كه‌سه‌ و داوای لە پەكەكە كرد دەستگیراوەكانی دیكە لای خۆی ئازاد بكات
تەرمی ھەندێك لەو 13 كوژراوانەی توركیا
تەرمی ھەندێك لەو 13 كوژراوانەی توركیا

K24 – ھەولێر:

توركیا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی تۆمەتباركرد بە كوشتنی 13 كه‌س، كە زۆربەیان سەر بەھێزەكانی ئەمن بوون و لە لایەن پەكەكەوە دەستگیركرابوون.

پێدەچێت ئەم زیانەی بەر توركیا كەوتووە، گرژی بخاتە نێون توركیا و حكومەتی عێراق، كە ئەنقەرە تۆمەتباری دەكات بە نەرمی نواندن لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی پەكەكەدا، ھەروەھا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش، كە ئەنقەرە تۆمەتباری دەكات بە پشتیوانیكردنی لەو لایەنانەی وابەستەن بە پەكەكەوە لە سووریا.

وەزیری بەرگری توركیا، خلوسی ئاكار رایگەیاند، سەربازانی توركیا 13 تەرمیان لە ئەشكەوتێكدا لە چیای گارە دۆزییەوە دوای ئەوەی ئەشكەوتەكە لە لایەن ھێزەكانی وڵاتەكەی كۆنترۆڵ كرا لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییاندا دژ بە پەكەكە.

بەپێی قسەكانی ئاكار، دوای دەستپێكردنی ھێرش بۆ سەر ئەشكەوتەكە ئەو تەرمانە بە گولـلە كوژراون و وەك دوو لەو چەكدارانەی پەكەكە، كە كەوتوونەتە دەست ئەنقەرەوە باسیانكردووە.

حاكمی ویلایەتی مەلاتیا، كە تەرمەكانی بۆ گواستراونەتەوە گوتی: 10 لاشە لەو كوژراوانە ناسراونەتەوە و زۆربەیان پۆلیس بوونە و پەكەكە لە نێوان ساڵەكانی 2015 و 2016 رفاندوویانن.

ئایدن باروش، حاكمی ویلایەتی مەلاتیا روونیكردەوە بەپێی "راپۆرتی توێكاری" گولـلەكان لەنزیكەوە گیراونەتە ئەو كەسانە" و 12 كەسیان گولـلە بەر سەریان كەوتوون و سێشیان بەر سنگییان كەوتوون.

ھەر ئەمڕۆ یەكشەممە پەكەكە جەختیكردەوە لە كوژرانی ژمارەیەك لە زیندانیان كە سەر بە ھێزەكانی ئەمنی توركیا بوونە، بەڵام ئاماژەیكرد بەوەی لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەكانی توركیا كوژراون.

ئاژانسی فرانس پرێس نەیتوانیوە راستی ئەو لێدوانانەی ھەردوولا لە لایەنێكی سەربەخۆ یەكلایی بكاتەوە.

ئاكار گوتیشی: لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دوایی لە رۆژی چوارشەممەوە، 48 چەكداری پەكەكە و 3 سەربازی توركیا كوژراون.

لە ساڵی 1984وە پەكەكە و توركیا لە شەڕدان و تاكو ئێستا ئەو شەڕەیان بووەتە ھۆی كوژرانی زیاتر لە 40 ھەزار كەس.

ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا گرژیی لەگەڵ حكومەتی عێراق ناوەتەوە و سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوام دووبارە دەكاتەوە كە وڵاتەكەی سوورە لە سەر چارەسەركردنی مەسەلەی پەكەكە لە باكووری عێراق ئەگەر بەغدا "نەتوانێت ئەو كارە ئەنجام بدات".

لە كانوونی یەكەم، لە میانی پێشوازیكردنی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، ئەردۆغان داوای لە عێراق كرد شەڕەكەی خۆی لەسەر زەوی چڕبكاتەوە دژ بە چەكدارانی پەكەكە.

لەوانەشە ئەو زیانانەی توركیا لە رۆژی یەكشەممە فشار بخاتە سەر پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) لە توركیا، بە تایبەت ئەردۆغان ئەو حزبە تۆمەتبار دەكات بەوەی "رووی سیاسی" پەكەكەیە و لە ساڵی 2016وە بە دەیان لە ئەندامان و بەرپرسانی ئەو حزبە لە كار لابردووە و زیندانیی كردووەن.

ھەرچەندە ھەدەپە، ئەمڕۆ یەكشەممە "خەمباری قووڵی خۆی" دەربڕی بە كوژرانی ئەو 13 كه‌سه‌ توركیاییە لە عێراقدا و داوای لە پەكەكە كرد دەستگیراوەكانی دیكەی لای خۆیی ئازاد بكات.