گەنجێکی کورد لە بەرلین كوژرا

گومانلێكراوێك لە ماڵەكەیدا دەستگیر كراوە
سەهەند شێرزاد - ئەو گەنجەی لە بەرلین كوژرا
سەهەند شێرزاد - ئەو گەنجەی لە بەرلین كوژرا

K24 - بەرلین

گەنجێکی خەڵکی شاری سلێمانی، بە ناوی سەهەند شێرزاد چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ژوورەکەی خۆی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە چەقۆ كوژرا و پۆلیسی بەرلین رایگەیاند، گومانلێكراوێك لە ماڵەكەیدا دەستگیر كراوە.

نیزام جەبار، هاوڕێی ئەو گەنجە کوژراوەیە و باسی لەوەكرد "ئەو کوڕە لە خانووێکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو گەنجی دیکەدا ژیاوە، یەکێک لەوانە عەرەبێکی عێراقی بوو، لەسەر خانووە هاوبەشەکەیان كێشەی لەگەڵ سەھەند ھەبوو دەمەقاڵێ و کێشەیان لەنێوانیان دروستبووە، بۆیە لە کاتێکدا کە لە ژوورەکەی خۆیدا لە خەودا بووە، هێرشی کراوەتە سەرو بە چەقۆ کوژراوە".

لەبارەی رووداوەكە پۆلیسی بەرلین لە تویتێکدا ئاماژە بەوەكردووە: "رووداوێكی كوشتن لە ماڵێكدا روویداوە، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ بە چەقۆ بریندار كرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە چارەسەری سەرەتایی سوودی نەبوو، هەر لەوێدا گیانی لە دەستدا".

پۆلیسی بەرلین ئاشكراشی كرد، گومانلێکراوێکیان لە ماڵەکەدا دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 لە بەرلین، ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی بەرلین تەرمی گەنجەکەیان لە پۆلیس وەرگرتووەتەوەو لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

لە ئەڵمانیا گەنجان بەهۆی کەمی و گرانی کرێ خانوو، لە خانووی هاوبەشدا لەگەڵ خەڵکی دیکەدا ژوورێک بە کرێ دەگرن، تاکو دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت و خانووی سەربەخۆیان دەست دەکەوێت، زۆرجار لەو خانووە هاوبەشانەدا کێشەی گەورە دروست دەبێت، چونکە تەنها ژووری خەوتنیان جیاوازەو بەشەکانی دیکەی خانووەکە بە هاوبەشی بەکاردەهێنرێت.