ئەمەریکا راگەیەندراوێکی لەسەر کوشتنی 13 هاووڵاتی تورک لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24- هەولێر:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەنگی ناڕەزایی لەسەر کوشتنی چەند هاووڵاتییەکی تورک لە هەرێمی کورستان بەرز دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کوشتنی 13 بەندکراوی تورک، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکەی ناتۆمان دەوەستینەوە و هاوخەمی بۆ خێزانی ئەوانە دەردەبڕین کە لە جەنگەکانی ئەم دوایەدا گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روونیکردووەتەوە، ئەگەر راپۆرتی کوشتنی هاووڵاتییە تورکەکان بە دەستی پەکەکە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە گروپێکی تیرۆرستی ناوی بردووە، راست بن، ئەوا زۆر بە تووندی ئەو کارە ئیدانە دەکەن.

دوێنێ یەکشەممە، خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ئەشکەوتێک لە ''باکووری عێراق'' تەرمی 13 هاووڵاتی تورکیان دۆزیوەتەوە کە لە لایەن پەکەکەوە کوژراون.

بەپێی قسەكانی ئاكار، دوای دەستپێكردنی ھێرش بۆ سەر ئەشكەوتەكە ئەو تەرمانە بە گولـلە كوژراون و وەك دوو لەو چەكدارانەی پەكەكە، كە كەوتوونەتە دەست ئەنقەرەوە باسیانكردووە.

حاكمی ویلایەتی مەلاتیا، كە تەرمەكانی بۆ گواستراونەتەوە گوتی: 10 لاشە لەو كوژراوانە ناسراونەتەوە و زۆربەیان پۆلیس بوونە و پەكەكە لە نێوان ساڵەكانی 2015 و 2016 رفاندوویانن.

لای خۆشیەوە پەکەکە وەڵامی تۆمەتەکانی تورکیای داوەتەوە و رایگەیاندوە، سوپای تورک هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی کردووەتە سەر کامپی دیلەکان و بووەتە هۆی کوژرانی بەشێک لە ئەندامانی میت و پۆلیسی خۆی، کە لای گەریلا دیل بوون.

پەکەکە لە راگەیەندراوێک نووسیویەتی: "هێرشی سەر کامپی دیلەکان، بەهیچ جۆرێک بۆ رزگارکردنیان نەبوە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بوو، دەوڵەتی تورک خۆی و بەتایبەتی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری کە خاوەن هیچ هەست و سۆزێک نییە، لێی بەرپرسیارە''.

تورکیا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چیای گارە هێناوە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوام بێت لە جەنگ لەگەڵ پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.