جیاوازی نرخی نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق مشتومڕ دروستدەكات

لیژنەی دارایی داوا دەكات بۆ 48 دۆلار بەرز بكرێتەوە
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

جیاوازی گەورەی نرخی خەملێندراو بۆ بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجە و نرخی راستەقینەی کە 62 دۆلاری تێپەڕاندووە، مشتومڕێکی زۆری لە پەرلەمان بەدوای خۆیدا هێناوە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق بە 42 دۆلار دیاریکردووە و پەرلەمانیش دەستکاری کردووە بۆ 45 دۆلار بەرزی کردووەتەوە.

د. ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژە بودجە بۆ 48 دۆلار بەرزبکرێتەوە، لە کاتێکدا حکومەت بە 42 دۆلار دیاریکردووە، بەڵام لیژنەی دارایی بۆ 45 دۆلار بەرزی کردەوە.

سەفار راشیگەیاند، ئەو نرخە جیاوازی زۆری لەگەڵ بازاڕ هەیە لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە، کە جیاوازی نێوان نرخی خەملێندراو و نرخی بازاڕ 17 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. ئەو جیاوزیەش کورتهێنان لە پڕۆژەیاسای بودجە پڕ دەکاتەوە پێویست بە قەرز وەرگرتن ناکات.