نرخی نەوت زیاتر بەرزدەبێتەوە

نرخی نەوتی برێنت گەیشتە نزیكەی 64 دۆلار
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - ھەولێر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی هەفتەی مامەڵەکردن، نرخی نەوت بە رەنگی سەوز کرایەوە، هۆکارەکەشی بۆ پابەندی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس و بڵاوبوونەوە پێنوێنە ئەرێنییەکان دەگەڕێتەوە، کە گەشبینیان لە بازاڕەکان دروستکردووە.

نرخی بەرمیلێک نەوت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی نیسان بە رێژەی زیاتر لە 1.94% بۆ 63.76 دۆلار بەرزبووە، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئادار بە رێژەی زیاتر لە 2.32% بۆ 60.95 دۆلار بەرزبووەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، نرخی نەوت توانیویەتی پارێزگاری لە بەردەوامی بەرزبوونەوەکەی بکات.

هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مانگەدا بۆ رێوشوێنەکانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵاس دەگەڕێتەوە، لەگەڵ گەشبینییەکان بە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی بەکارهێنان پێکووتەی كۆرۆنا لە چەندین وڵات.