وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك گه‌یشتنه لێكتێگه‌یشتن
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ئه‌مڕۆ له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن، هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی، مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا چه‌ند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هاتووه، چاویش ئۆغلۆ وێڕای پیرۆزباییكردن له بلینكن له پۆسته نوییه‌كه‌یدا وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی توركیای بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌یه‌كتر له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا نیشاندا.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوو وه‌زیره‌كه تایبه‌ت بوو به په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ر و واشنتن، وێرای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی هه‌رێمی وه‌ك: پرسی سووریا، رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، كڕینی سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400ی رووسی له‌لایه‌ن توركیاوه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، له‌ناویشیان (رێكخراوی گوله‌ن، په‌كه‌كه و یه‌په‌گه).
هه‌روه‌ك چاویش ئۆغلۆ نیگه‌رانی توركیای له‌باره‌ی دوایین به‌یاننامه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) كه به "هێرشێكی تیرۆریستی" له دژی هاووڵاتییانی تورك له باكووری عێراق (ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان) ناویبرد، به ئه‌نتۆنی بلینكن راگه‌یاند.
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هاتووه، هه‌ریه‌ك له چاویش ئۆغلۆ و بلینكن له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن، كه له رۆژانی داهاتوودا به وردی گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه بكه‌ن.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر له‌باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كه‌ی رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ گفتوگۆمان له‌باره‌ی گرنگیی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا كرد و جه‌ختی كرده‌وه، به‌رده‌وام چاودێری دۆخی سووریا و هه‌وڵه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و گرژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌كه‌م.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا له‌و باره‌یه‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ چاوش ئۆغلۆ، هاوتا توركه‌كه‌ی له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه مێژووییه‌كانی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان، گرنگیی دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كان، فه‌رمانڕه‌وایی گشتگیر و رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ كرده‌وه.
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا هاتووه، هه‌ردوو لا به‌ڵێنی به‌هێزكردنی هاوكاری و پشتیوانیكردن له چاره‌سه‌ری سیاسی بۆ ململانێكانی سووریا داوه و بلنیكن سه‌ره‌خۆشی خۆی به‌بۆنه‌ی كوشتنی دیله توركه‌كان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه له باكووری عێراق به لایه‌نی توركیای راگه‌یاند و دیدگای ئه‌مه‌ریكای له‌باره‌ی "په‌كه‌كه" خسته روو و به "رێكخراوێكی تیرۆریستی" ناویبرد و به‌رپرسیارێتی تیرۆركردنی ئه‌و هاووڵاتییه توركانه‌ی خسته ئه‌ستۆی په‌كه‌كه.
هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به چاویشئۆغلۆی راگه‌یاند، كه نابێت خاوه‌ندارێتی سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400ی رووسی بكه‌ن. هه‌روه‌ك پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ردوو هاوپه‌یمانه‌كانی له ناتۆ "توركیا و یۆنان" نیشاندا.
H.B