ئێران: ھەنگاوی واشنتن بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوت "چەتەییە"

ئێران ئەمەریكا بە چەتەیی تۆمەتبار دەكات
ئێران ئەمەریكا بە چەتەیی تۆمەتبار دەكات

K24 – ھەولێر:

تاران رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی ئەمەریكای لەم مانگەدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی بارێكی نەوت بە بیانووی ئەوەی لە ئێرانەوە ھاتووە، كارێكە لە كارەكانی چەتەكان دەچێت و جەختیشیكردەوە، بارە نەوتەكە موڵكی حكومەتی ئێران نەبووە.

پێشتر، ھەر لەم مانگەدا واشنتن سكاڵایەكی لە دادگا تۆمار كردبوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارە نەوتە و گوتی: ئێران ھەوڵیداوە سەرچاوەی نەوتەكە بشارێتەوە بە گواستنەوەی بۆ چەند كەشتییەكی دیكە، پێش ئەوەی لەسەر كەشتی ئەكیلیاس كۆتایی پێ بێت، كە ئاڵای لیبیریا لەسەر بووە و بەرەو چین رۆیشتووە. گوتیشی: بارەكە پێشێلی بەندەكانی لەناوبردنی تیرۆری كردووە.

گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید زادە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو بارە نەوتە موڵكی حكومەتی ئێران نییە.. بەڵكو ھی كەرتی تایبەتە"، وردەكارییەكانیشی لە بارەی مەبەستی لە كەرتی تایبەت باس نەكرد.

گوتیشی: "زۆر جێگای داخە ئەم جۆرە چەتەییە لە سەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمەریكاوە رووبدات.. دەبێت چارەسەرییەك بدۆزرێتەوە بۆ رێگەگرتن لە روودانی ئەم جۆرە چەتەییە لەھەر كەسێكەوە بێت و بە ھەر ھۆكارێك بێت".

سەرچاوە: "رۆیتەرز"