ئێران: ئاژانسی "نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی"مان ئاگاداركردووەتەوە لە راگرتنی پشكنینی لە ناكاودا

ئێران ھەفتەی داھاتوو كۆتایی بە كردە پشكنییەكانی لە ناكاوی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی دێنێت

K24 – ھەولێر:

نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی، كازم غەریب ئابادی رایگەیاند، وڵاتەكەی ئاگاداری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی كردووەتەوە لەوەی وڵاتەكەی بە نیازە لە ھەفتەی داھاتوودا كۆتایی بە كردە پشكنییەكانی لە ناكاو ئاژانسی نێودەوڵەتی بێنێت.

كازم غەریب لە تویتێكدا لە سەر پێگەی تویتەر نووسیویەتی: "یاسایەكی پەسندكراوی پەرلەمان لەساڵی رابردوو، حكومەت پابەند دەكات بە كۆتاییھێنان بە كردە پشكنینەكان ئاژانسی نێودەوڵەتی لە 21 ئەم مانگەوە، كە لە بڕگەیەكی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ھاتووە و بەپێی ئەو بڕگەیە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران رێكدەخات".

گوتیشی: "یاساكە لە كاتی خۆیدا جێبەجێدەكرێت و لەم بارەوە ئەمڕۆ ئاگاداری ئاژانسی نێودەوڵەتیم كردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی كارەكان بەڕێكوپێكی بەڕێوەبچن.

تویت

لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، عەلی ئەكبەر ساڵحی جەختیكردەوە لەوەی "رێكخراوەكەیان یاسای پەرلەمانی لەمەڕ زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20% جێبەجێدەكات، چونكە یاساكە پابەندیان دەكات".

گوتیشی: "لەم كاتەدا ناتوانین مەزندەی دەركردنی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی بكەین، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بین".

پەرلەمانی ئێران لە تشرینی دووەمی رابردوو یاسایەكی پەسندكرد، كە حكومەت پابەند دەكات بەڕاگرتنی كردە پشكنینەكانی ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پێگەكانی ئەتۆمی ئێران و بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆ بۆ رێژەیەكی زیاتر لەوەی  لە رێككەوتنی ئەتۆمی واژووكراو لە لایەن ئێرانەوە لە ساڵی 2015 دەسنیشانكراوە، ئەگەر سزاكانی سەر ئێران ھەڵنەگیران. ھەروەھا حكومەت پابەندەكراوە بە دامەزراندنی ئامێرە پێشكەوتووەكانی سەنتەرفیوج و زیادكردنی یۆرانیۆمی پیتاندراو و درووستكردنی دامەزراوەكانی بەرھەمھێنانی ئاوی قورس.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"