راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە

K24 – ھەولێر
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی ھێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی ھەولێر بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد "هەمان شێواز و تەکنیک لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکارهاتبوو، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە"
لە راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەكراوە، بەھۆی ھێرشە مووشەكییەكە كەسێك لەناو فڕۆكەخانە گیانی لەدەستداوە و لەگەڵ برینداربوونی پێنج كەسی دیكە، ھەروەھا ھەولێر سێ دیكەش لەناو شاری ھەولێر برینداربوونە.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند: "ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکارهاتبوو، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن، ئاشكرا و ریسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن".
دەقی راگەیەندراوەكە:..
دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15 ، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیان لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی دیكه برینداربوون. ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە.
دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە، کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە، ئۆتۆمبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە رێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکارهاتبوو، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن، ئاشكرا و ریسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.
وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/2/16