وەزارەتی پێشمەرگە: ده‌ستی چه‌په‌ڵی ناحه‌زان ناتوانن ئاسایش و ئارامی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن

"هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌میشه‌ ساز و ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رگری و پاراستنی سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و خاكی كوردستان"
وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر

K24 – ھەولێر

وەزارەتی پێشمەرگەی سەركۆنەی ھێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی سەر ھەولێر دەكات و راگەیاند، دڵنیایی دەدەنه‌ ھاووڵاتییان، كە پێشمەرگە وەك ھەمیشە پارێزەری خاك و خەڵكی كوردستان دەبێت.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ھاتووە: "دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌رگیز ده‌ستی چه‌په‌ڵی ناحه‌زان و تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوه‌دانی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن و به‌سه‌ختی رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌. هاووڵاتییان و خه‌ڵكی ئازیزی كوردستان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌میشه‌ ساز و ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رگری و پاراستنی سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و خاكی كوردستان".

وەزارەتی پێشمەرگە جەختدەكاتەوە: "ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر، پێویستیمان به ‌یه‌ككڕیزی، یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كده‌نگیی هه‌یه‌. به‌ ئیراده‌ی به‌رزی پۆڵاینی پێشمه‌رگایه‌تیمان تیرۆریستان تێكده‌شكێنین و، رێگه‌ ناده‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ژیانی هاووڵاتیانمان بخرێته‌ مه‌ترسییه‌وە.  دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و خەڵکی کوردستان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دۆستانمان له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، رێگایه‌كی دوور و ساڵانێكی درێژه‌، پێكه‌وه‌ له‌به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری تیرۆر و تێكشكاندنی تیرۆریستانین له‌پێناو سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌".

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:..

به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشی ترسنۆكانه‌ی تاریكپه‌رستان بۆ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌رگیز ده‌ستی چه‌په‌ڵی ناحه‌زان و تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوه‌دانی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن و به‌سه‌ختی رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌.

هاووڵاتیان و خه‌ڵكی ئازیزی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌میشه‌ ساز و ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رگری و پاراستنی سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و خاكی كوردستان.

ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر، پێویستیمان به‌یه‌كڕیزی، یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كده‌نگی هه‌یه‌. به‌ ئیراده‌ی به‌رزی پۆڵاینی پێشمه‌رگایه‌تیمان تیرۆریستان تێكده‌شكێنین و رێگه‌ ناده‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ژیانی هاووڵاتیانمان بخرێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و خەڵکی کوردستان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دۆستانمان له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به ‌داعش، رێگایه‌كی دوور و ساڵانێكی درێژه‌، پێكه‌وه‌ له‌ به‌ره‌ی به‌ره‌نگاری تیرۆر و تێكشكاندنی تیرۆریستانین، له ‌پێناو سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌.

وێڕای سەرەخۆشیمان لە قوربانیەکەی ئەو کارەساتە، سه‌لامه‌تی و شیفای خێرا بۆ برینداران و ئارامی و ئاسایش بۆ هه‌رێمی كوردستان دەخوازین.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

16ی شوباتی 2021