15مین گەڕی گفتوگۆکانی تایبەت بە سووریا لە رووسیا دەسپێدەكات

15مین گەڕی گفتوگۆکانی تایبەت بە سووریا لە رووسیا دەسپێدەكات نوێنەری ئەمەریكا بەشداری ئەم گەڕەی گفتوگۆكان ناكات
دانووستانەكانی ئەستانە
دانووستانەكانی ئەستانە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ 16ی شوباتی 2021 لە شاری سۆچی رووسیا 15مین گەڕی گفتوگۆی تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا (دانوستاندنەکانی ئەستانە) بە بەشداری وڵاتانی گەرەنتیکاری سوریا" روسیا ، تورکیا، ئێران" و بە ئامادەبونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەھا وڵاتانی ئوردون و عێراق و لوبنان وەک چاودێر بەشدارن.

سرگێی لاڤرەنتێڤی نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ پرسی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "رووسیا بە فەرمی داوەتنامەی بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان ناردووە، بۆ ئەوەی لە 15مین دانیشتن بەشداربن، بەڵام نوێنەری ئەمەریکا رەتیکردووەتەوە ئامادە بێت".

ھەروەھا لاڤرەنتێڤ لە بارەی ھەوڵو ھەنگاوەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا ئەوەی خستەروو: "سبەی 17ی شوبات دە ساڵ بەسەر یەکەم دانیشتن و گفتوگۆ لەسەر رەوشی سووریا تێدەپەڕێت، ئامانجی ئەم دانیشتنە ئەوە،  ئەنجامگیری بکەین لەسەر هەلومەرجەکە و چاوبخشێنینەوە بەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراون، دەمانەوێت هێزو گوڕێکی نوێ ببەخشین بە ئاسایکردنەوەی رەوشی سووریا، چونکە دانوستاندنەکانی ئاستانە تاکە هۆکارە بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لەبارەی ئاساییکردنەوەی هەلومەرجی سووریاوە. ئێمە کۆکین لەسەر رێکخستنەوەی سیاسی سووریا بە تەبایی لەگەڵ رێکارەکانی کۆمیتەی دەستووریدا، لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە هەلومەرجی کارکردنی کۆمیتەی دەستووری دەکەین".

گوتیشی: "دیارە هەندێ لایەن نیگەرانن لە ئەنجامەکانی خولی پێنجەمی دانیشتنەکانی کۆمیتەی دەستووری لە ژنێڤ، بەڵام لایەنی رووسی پێیوایە لە چوارچێوەی خولەکانی چوارەم و پێنجەمدا بیرۆکە و پێشنیازی گونجاو و بەجێ خراونەتە بەرباس بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێن و ئەو گرێ و ئاڵۆزیانەی هەن لەڕێی سازش و دانوستانەوە چارە بکرێن".

 لاڤرەنتێڤ، راشیگەیاند: "ئێمە نابێت دەستەوسان بین، ئەو فۆرماتەی لە ژنێڤ پێکهاتووە بۆ کارکردن تاکە رێگایە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی مەزن و کاریگەر، ئێمە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان هەماهەنگ دەبین، بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی سووریا".

ئاشكراشی كرد: "ئەمڕۆ لە گفتوگۆكان تاوتوێی چەند پرسێك دەكرێت وەك: دژوەستانەوەی شانە نووستوەکانی گرووپە تیرۆرستییەکان، بەوپێەی بەو دواییانە چالاکبوونەتەوە و پێکدادان لە باکووری رۆژئاوای سووریا رودەدات، دیارە ناوچەی باکووری رۆژھەڵات و هێلی بەیەکگەیشتن هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل نائارامە لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکداری سووریادا، بۆیە ئێمە دەزانین هەلومەرجەکە ئاڵۆزەو هەموو رێو شوێنێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی دۆخەکە لەوە زیاتر ناهەموار نەبێت، چونکە ئەمە لێکەوتی خراپی بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە دەبێت. بێشک باسی رووبەڕووبوونەی داعش و تەحریر الشام و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە دەکەین. ئەمانە دەبێ لەناوببرێن و رێکەوتنیان لەگەڵ ناکرێت. ھەروەھا ئێستا سووریا لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی گەمارۆی لەسەرەو تەنها کەوتووە، ئەمەش رێگرە لەبەردەم حکومەتی سووریادا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی بازرگانی یەکسان، بۆیە باسی ئەو گەمارۆ توندو دژوارانە دەکەین، کە وڵاتانی ئەمەریکا و رۆژئاوا تاکلایەنە بەسەر سووریادا سەپاندوویانە".

15مین گەری گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا رۆژانی دوو رۆژ دەخایەنێت و سبەی كارەكانی كۆتایی پێدێت.

سرگێی لاڤرەنتێڤی نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا
سرگێی لاڤرەنتێڤی نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا