رێككەوتنەكەی گۆڕان باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی كۆكردنەوە

"زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكە دەبن"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f6d7eb92-571b-4b37-89c6-4f0b3b290705/zanyari%20sabarat%20ba%20kobunaway%20yeketi.ism/manifest

K24 – سلێمانی

لە ماوەی دووساڵی رابردوو بەھۆی كێشە ناوخۆییەكان لە ھیچ كام لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ھەموو ئەندامان ئامادە نەدەبوون، بەڵام لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبە بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری (كوردستان24) لە ماوەی دووساڵی رابردوو یەكەمجارە ھەموو سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان دەكەن".

دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی بەھۆی كێشەناوخۆییەكانی ئەو حزبە تەنھا چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كراوە و لەو كۆبوونەوانەشدا ھەموو ئەندامانی سەركردایەتی بەشداریان نەكردووە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ھێزە ئەمنییەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جگە لە كەناڵەكانی راگەیاندنی سەر بە حزبەكەیان رێگەنادەن پەیامنێر و رۆژنامەنووسانی كەناڵەكانی دیكە بۆ رووماڵ كردنی كۆبوونەوەكە بچنە ناو بارەگای مەكتەبی سیاسیی".

راشیگەیاند: "لە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕاندا ھاتووە، دەكرێت رێككەوتنەكە ببێت بە رێككەوتنی چەند حزبێك، ئەو حزبانەی دەیانەوێت بێنە ناو بازنەی رێككەوتنەكەی دەباشانەوە دەتوانن لەو رێككەوتنە بەشداری بكەن، ھەروەھا تێیدا ھاتووە ئەو رێككەوتنە لەسەر حسابی ھیچ لایەنێك و دژی ھیچ لایەنێكی سیاسیی نییە".

پەیامنێری (كوردستان24) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ناڕازین بەو رێككەوتنە، كادیرێكی ئەو حزبە لەوبارەوە رایگەیاند، ناڕەزەیەتی ئەوانیش بە ھەند وەردەگیرێت".

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی لەبارەی واژووكردنی رێككەوتنی سیاسیی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، ھاوكات جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی نەوشیروان لەسەر ھەمان پرس كۆدەبنەوە.