دوای ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر، ئەمەریكا داوایەك لە كازمی دەكات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا
ئەنتۆنی بلینکن - مستەفا کازمی
ئەنتۆنی بلینکن - مستەفا کازمی

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، پەرە بە کاری پێکەوەیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و باسییان لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر کرد.

بلینکن جارێکی دیکە نیگەرانی و توڕەیی وڵاتەکەی، بەرامبەر بە هێرشەکە دووپاتکردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوای لە مستەفا کازمی کرد، کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێبدەن، بۆ رووبەڕووبونەوەی گرووپە توندڕەوەکان لە ناوچەكە.

شەوی 15/2/2021 چەند مووشەكێك ئاراستەی ھەولێر كران، بەڵێندەرێك كوژرا و ژمارەیەك كەسی دیكەش برینداربوون.