وادەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

دکتۆر دلۆڤان: ئامادەکاری کراوە بۆ راهێنانی ئەوانەی ڤاکسینەکە دەکەن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ماوەیەکی زۆرە باسی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، دکتۆر دلۆڤان لەڕێگەی کوردستان24ـەوە ئاشکرای دەکات بڕیارە کەی ڤاکسینەکە بگات و لەبارەی نەوەی نوێی کۆرۆناش، دەڵێ گومانیان لە چەند حاڵەتیک هەیە.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لە بەرنامەی باسی رۆژـی کوردستان24 کە کامەران حاجی عومەر پێشکەشی دەکات، میوان بوو و وەڵامی دیارترین پرسیارەکانی ئێستای خەڵکی دایەوە سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا.

د. دلۆڤان گوتی "بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێمە هەمانە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی سێ (ڤاکسینی کۆرۆنا) بگاتە هەرێمی کوردستان، لە نێویشیاندا شاری هەولێر، ئێستاش ئامادەکاری کراوە، بۆ ئەوەی ئەوانەی ڤاکسینەکە دەکەن، لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات راهێنانیان پێبکرێت".

بەپێی ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی تەندروستی پێکهێنراوە، بە گوتەی د. دلۆڤان: ئەولەویەتی لێدانی ڤاکسین لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا کاردەکەن، دوای ئەوان، ئەو کەسانەی تەمەنیان گەورەیە و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پاشان ئەوانەی لە دەزگا ئەمنییەکان کاردەکەن، ئەگەر ژمارەکەش زیادی کرد، بە دڵنیاییەوە بەرنامەی نوێتریش دەبێت.

نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا، لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە، سەبارەت بە تۆمارکردنی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر جەخت دەکاتەوە لەوەی "تاوەکو ئێستا حەڵەتی تۆمارکراومان نییە، بەڵام دوو، سێ حاڵەتی گومانلیکراومان هەبوون بەپێی نیشانەکان و هاتنەوەیان لە سەفەر، نموونەمان ناردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە گومانەکان و تائێستا ئەنجامەکان نەگەیشتوون".

 

هـ.ر.