نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی دوو مانگی رابردووی دابەزی

بە رێژەی زیاتر لە 0.9% بۆ ئاستی 1775 دۆلار و 82 سەنت داشكا
نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - ھەولێر

نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی زیاتر لە دوو مانگی رابردووی دابەزی، هۆکاری سەرەکیشی بۆ بەهێزبوونی دۆلار و قازانجی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمەریکا و گەشبینییەکان بۆ گەشانەوەی ئابووری جیهان دەگەڕێتەوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکان بە رێژەی زیاتر لە 0.9% بۆ ئاستی 1775 دۆلار و 82 سەنت دابەزی، و لە گرێبەستە داهاتووەکانیشی بۆ مانگی نیسان بە رێژەی زیاتر لە 1.2% بۆ ئاستی 1775 دۆلار و 10 سەنت دابەزی.

سەرەڕای داکەوتنی بەرچاوی نرخی زێڕ، بەڵام شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، ئابووری ئەمەریکا بە شێوەیەکی لەسەرخۆ دەگەشێتەوە. هەروەها شارەزایان دەڵێن، بە هۆی ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا پەیڕەوی دەکات، بەهای دۆلار و قازانجی قەواڵە دە ساڵییەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی کەم بەرزدەبێتەوە، کە ئێستا لە بەرزترین ئاستەکانیدایە لە 12 مانگی رابردوودا.