میرکاتۆی خانمان لە میرکاتۆی پیاوان گەرمتر بوو

میرکاتۆی زستانە
میرکاتۆی زستانە

 

K24-هەولێر

ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لەم میرکاتۆی زستانەی رابردوو بە دیار کەوتن و بەراورد لەگەڵ میرکاتۆی ساڵی رابردوو، نیوەی نرخەکەی لەدەستداوە.

ماڵپەری فیفا بڵاویکردووە، خەرجیەکانی بازاری گواستنەوەی زستانی رابردوو، پێش ئەوەی پەتای کۆڤید19 بڵاوبێتەوە گەیشتە 1.16 ملیارد دۆلار، واتە یانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بازاریان هەبوو، بەڵام ئەم زستانە خەرجیەکان نیوەی لەدەستدا، واتە یانەکان لەم بازارەی رابردوو تەنها 590 ملیۆن دۆلاریان لە گواستنەوەی یاریزانان خەرج کردووە.

هۆکارەکەشی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە جیهان لە دوای ئەم پەتایە کەوتە قەیرانێکی قولی دارایی، بە تایبەت دوای ئەوەی چوونی هاندەران بۆ یاریگاکان قەدەخە کرا، هەروەها داشکانی گرێبەستەکانی مافی گواستنەوەی یارییەکان و هەروەها دابەزاندنی نرخی گرێبەستە بازرگانیەکان و سپۆنسەرەکان، چونکە ئەوانیش بێ بەش نەبوون لەم قەیرانە.

یانە دیارەکانی وەکو بارسێلۆنا، ریال مەدرید و بایرن میونشن، کە ساڵانی رابردوو پارەیەکی باشیان لە میرکاتۆ خەرج دەکرد، ئەم زستانە بە پێچەوانەوە بەشدارییەکی ئەوتۆیان نەبوو و خۆیان بە دوور گرت لە خەرج کردنی پارەی خەیاڵی.

گواستنەوەی ئامادۆ دیالۆ لە یانەی ئاتالانتای ئیتاڵیا بۆ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەرامبەر 51.5 ملیۆن دۆلار، دیارترین گواستنەوەی ئەم زستانە بوو.

یانەکانی ئیسپانیا زستانی ساڵی 2020 بە گشتی 151 ملیۆن دۆلاریان لە بازارەکاندا ساخ کردەوە، بەڵام ئەم زستانە واتە لە ساڵی 2021 زۆر جیاواز بوو و ئەوان تەنها 36 ملیۆن دۆلاریان خستە بازارەکانەوە و هیچ گواستنەوەیەکی گەورەش لەم زستانە قەیرانیە روینەدا.

پێچەوانەوەی تیپەکانی پیاوان، تیپی خانمان ئەم زستانە جیاواز بوون و ئەوان لەچاو میرکاتۆی رابردوو پارەیەکی زیاتریان خەرج کردووە، واتە ئەم زستانەیان سەرەرای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی گەرمتر بووە، لەم میرکاتۆیە 310 هەزار دۆلاریان بۆ گواستنەوەی یاریزانەکان خەرج کردووە، لە بەرامبەردا زستانی رابردوو ئەوان تەنها 194 هەزار دۆلاریان خەرج کرد بوو.