دەمیرتاش: کوشتنی هاووڵاتیانمان لە لای پەکەکە شەرمەزار دەکەم

K24- هەولێر:
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، "کوشتنی 13 هاووڵاتی ئێمە کە لە دەستی پەکەکە بوون شەرمەزار دەکەم".
لە زنجیرە تویتێکدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) هەروەها رایگەیاندووە "هاوخەمی خۆم دەگەینمە خێزان و دۆستانی ئەو 13 کەسەی بە دەستی پەکەکە کوژراون".
دەشڵێت: "بەرپرسیاری ئەو تراژیدیایە کە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە دروستبووە دەسەڵاتە و دەبێت بەرپرسیارەتی بگرێتە ئەستۆ، نەک بەرپرسیارەتی بخەنە سەر هەدەپە و ئۆپۆزسیۆن''.
کوشتنی 13 هاووڵاتی تورک کە دیل بوون لای پەکەکە، لێدوانی جیاوازی لە لایەن حکومەتی تورکیا و بەرپرسانی پەکەکەی لێکەوتەوە، تورکیا رایگەیاند، پەکەکە دیلەکانی کوشتووە و پەکەکەش کوشتنی ئەو دیلانەی خستە ئەستۆی تورکیا.