بژار كۆچەر: ھیچ ماددەیەكی دەستووریی و یاسایی رێگە بە پەرلەمانتاران نادات دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری بكەن

سەرۆکی لیژنەی كاروبارى یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان: ناكرێ سزادانی تۆمەتباران بە سیاسیی بكەن و بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاری بێنن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

سەرۆکی لیژنەی كاروبارى یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "ھیچ ماددەیەكی دەستووریی و یاسایی رێگە بە پەرلەمانتاران نادات دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری بكەن و سزادانی تۆمەتباران بە سیاسیی بكەن و بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاری بێنن".

لەبارەی سزادانی پێنج تۆمەتبار و لێدوان و دەستوەردانی ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتی سیاسی لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری، بژار كۆچەر سەرۆکی لیژنەی كاروبارى یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھیچ ماددەیەكی دەستووری و یاسایی رێگە بەوە نادات پەرلەمانتار تەنانەت سەرۆكی پەرلەمانیش دەستوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادەوەری بكات، بەڵكو ئەمە پێچەوانەی ماددەی 19 و 88 و 89 و 91 و چەند ماددەیەكی دیكەی دەستووری عێراقە. لە ھەمانكاتدا لە یاسای بەركار لە ھەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری ھەیە كە یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007ـە، لە ماددەی 2ی یاساكە دەڵێ: دەسەڵاتی دەدوەری سەربەخۆیی، جگە لە یاسا ھیچ ھێز و ئیرادەیەك لەسەروی دەسەڵاتی دادوەری نییە".

گوتیشی: "سەیر لەوەدایە لە دوو ماددەی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەماندا ھاتووە، بۆ پەرلەمانتار و لیژنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان نابێ دەستوەردان لە بابەتێكدا بكەن كە ئەو بابەتە لەبەردەم دادگا دابێت، بۆیە دەكرا پەرلەمانتاران، بە تێڕوانینی سیاسی خۆیان لە بابەتی سزادانی ئەو تۆمەتبارانەیان نەڕوانیبا، نە دەكرا ئەو بابەتە بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاربھێنرێ و بە سیاسی بكرێت، چونكە بۆچوونی پەرلەمان بە نەرێنی پیشانی خەڵك دەدات".

سەرۆکی لیژنەی كاروبارى یاسایی لە پەرلەمان راشیگەیاند: "ئەگەر پەرلەمانتار و سەرۆكی پەرلەمان رێز یاسا و دەستوور نەگرن كێ رێزی لێدەگرێت، بەپێی دەستوور دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆییە و نابێ دەستوەردانی تێدا بكرێت".

روونیشیكردەوە: "بەپێی ماددەی 43ی بڕگەی 3 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان،نابێ پەرلەمان ھیچ لیژنەیەك بۆ ئەو دۆسیانە پێكبێنێ كە لەبەردەم دادگان، بۆیە جێگەی پرسیارە ئایا پەرلەمانتار و سەرۆكی پەرلەمان نازانن چی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ھەیە، ئەوە جێگەی نیگەرانییە".