بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە سەربانی قوتابخانەکەی بەردەبێتەوە و دوای 12 رۆژ گیان لەدەستدەدات

ویستوویەتی پێش دەستپێکردنەوەی قوتابخانە تەنکیی ئاو بپشکنێت
مامۆستا میکائیل بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا
مامۆستا میکائیل بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

12 رۆژ دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئێوارەی ئەمڕۆ مامۆستا میکائیل، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سنووری ئاکرێ کە لەکاتی پاککردنەوەی قوتابخانەکەی لەسەربان کەوتبووە خوارەوە، گیانی لەدەستدا.

کاروان زاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو مامۆستایە ناوی میکائیل محەمەد تاهیرـە، پێش دەستپێکردنەوەی قوتابخانە لەگەڵ مامۆستاکان چووەتە قوتابخانە بۆ ئەوەی پاکیبکەنەوە و بزانن کەموکوڕی چییە، کاتێکیش ویستوویەتی بچێتە سەربان بۆ پشکنینی تانکیی ئاو، بەربووەتەوە".

ئەحمەد شووشی، مامۆستایەکی قوتابخانەکەیە و بە کوردستان 24ـی راگەیاند "مامۆستا میکائیل تەمەنی 36 ساڵ بوو و باوکی شەش منداڵ بوو. رۆژی پێنجی شوبات کە رۆژی هەینی بوو، چووە قوتابخانە بۆ پاککردنەوەی و پشکنینی لەپێناو زانینی کەموکوڕییەکان، بەڵام لەکاتی پشکنینی تانکیی ئاو، بەربووەوە".

مامۆستا میکائیل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی قەسرۆک شووش بوو لە سنووری ئاکرێ، بەهۆی بەربوونەوەی لە سەربانی قوتابخانەکەیەوە، حەوز و پشتی شکا و ماوەی 12 رۆژ بوو لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا بوو، ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا.