فەیسبووک ئوسترالیا "unfriend" دەکات و هەموو ناوەڕۆکە هەواڵییەکانی دەسڕێتەوە

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا: ئەو هەنگاوەی فەیسبووک لووتبەرزانەیە و بێهیوای کردین
حکومەتی ئوسترالیا، ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیی ئەمەریکی (فەیسبووک و گوگڵ) ناچاردەکات پارە بدەنە دامەزراوەکانی راگەیاندن لە وڵات
حکومەتی ئوسترالیا، ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیی ئەمەریکی (فەیسبووک و گوگڵ) ناچاردەکات پارە بدەنە دامەزراوەکانی راگەیاندن لە وڵات

K24 - هەولێر

ئوسترالییەکان ئەمڕۆ لەخەو هەستان و بینیان فەیسبووکەکانیان خاڵییە لە هەواڵ، دوای ئەوەی فەیسبووک بەهۆی رێکنەکەوتنی لەگەڵ حکومەتی ئوسترالیا، سەرجەم ناوەڕۆکە هەواڵییەکانی لەو پلاتفۆڕمە سڕییەوە.

ئەو هەنگاوەی فەیسبووک، خێرا لەلایەن رۆژنامەنووسان، سیاسەتوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ رووبەڕووی رەخنەی زۆری کردەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی فەیسبووک لاپەڕە تەندروستییە فەرمییەکان و ئەوانەی تایبەتن بە هۆشداریدان لەکاتی رووداوی بەپەلە و تۆڕەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیشی سڕیوەتەوە.

سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا نووسیویەتی "هەڵسوکەوتەکانی ئەمڕۆی فەیسبووک بە رەتکردنەوەی هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ ئوسترالیا و، نەهێشتنی زانیارییە بنچینەییەکانی خزمەتی تەندروستی و بەهاناوەچوون، لووتبەرزانەن و بێهیوامان دەکەن".

مۆریسن، جەختی کردەوە لەوەی "ئەو هەڵسوکەوتانەی فەیسبووک دڵنیایی دەدەنە ئەو وڵاتانەی ژمارەیان لە زیادبوونە، کە لە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا دەترسن، چونکە ئەو کۆمپانیایانە پێیان وایە لە حکومەتەکان گەورەترن و یاسا بەسەریاندا جێبەجێ نابێت".

ئەو هەنگاوەی فەیسبووک، وەکو جیابوونەوەیەک لە کۆمپانیای گوگڵ سەیردەکرێت، کە چەند ساڵێکە بەیەکەوە لەو هەڵمەتەدان و نایانەوێت ناچاربکرێن پارە و باج لەو پێناوەدا بدەن.

پێشتر هەردوو کۆمپانیا هەڕەشەیان کردبوو خزمەتگوزارییەکانیان لە ئوسترالیا رادەگرن، بەڵام لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کۆمپانیای گووگڵ کە لەلایەن کۆمپانیای ئەلفابێتەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لەگەڵ ژمارەیەک ماڵپەڕی هەواڵیی ئوسترالی ریککەوتووە. گوگڵ، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رەتیکردەوە کۆمێنت لەسەر بڕیارەکەی فەیسبووک بدات.

بەپێی یاساکانی ئوسترالیا، فەیسبووک و گوگڵ دەبێت پابەند بکرێن بە رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ماڵپەڕە هەواڵییەکانی ئوسترالیا، بەڵام فەیسبووک رایگەیاندبوو، ئەو یاسایە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پەرلەمانی ئوسترالیا پەسەند بکرێت "زۆر بە هەڵە لە پەیوەندی نێوان فەیسبووک و دەزگاکانی راگەیاندن تێگەیشتووە"، هەروەها رایگەیاند دوو بژاردەی سەختی لەبەردەمە، کە خۆی لە: پابەندبوون یان قەدەغەکردنی ناوەڕۆکی هەواڵی دەبینێتەوە و بەداخەوە دووەمیان هەڵدەبژێرێت.

حکومەتی ئوسترالیا، ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیی ئەمەریکی (فەیسبووک و گوگڵ) ناچاردەکات پارە بدەنە دامەزراوەکانی راگەیاندن لە وڵات، کە هەواڵ لەو پلاتفۆڕمانە بڵاودەکەنەوە، ئەو هەنگاوەش کە لە جیهاندا پێشینەی نەبووە، بۆ ئەوەیە "رۆژنامەنووسیی سەربەخۆ بپارێزێت".

فەیسبووک رایگەیاند بەهۆی ئەو یاسایەوە، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی رۆژنامەوانی لە پلاتفۆڕمەکەی لە ئوسترالیا قەدەغە دەکات، چونکە ناچاری دەکات پارە بەوانە بدات کە هەواڵ بڵاودەکەنەوە و لەمڕۆشەوە هەواڵی لەنێو ئەکاونتی خەڵکی ئوسترالیا نەهێشت.