دوای هێرشەکەی سەر هەولێر، ناتۆ هێزەکانی لە عێراق زیاد دەکات

Kurd24

هێرشە موشەکییەکەی دووشەممەی رابردووی سەر شاری هەولێر، کاردانەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمه‌ریکا و ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئاسایش بە وڵاتی چینیشەوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد، ئەمەو جگەلە چەند وڵاتێکی دراوسێ و عەرەبیش هاوخەمی و هەڵوێستی خۆیان بۆ پشتگیری هەرێم دەربڕی، هەروەها ئەمه‌ریکا پێش هەموو وڵاتان لە رێگای وەزیری دەرەوەی ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندی بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و بەڵێنی هاوکاری دا بۆ دۆزینەوەو سزادانی تاوانکارانی ئەم کردەوە تیرۆرستییە.

هاوپەیمانی ناتۆ لە رێگای سکرتێری گشتی رێکخراوەکەیانەوە رایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی لە عێراق زیاتر دەکات، دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە، هێزەکانی ناتۆ ئێستا تەنها 500 سەربازیان لە عێراق هێشتووه‌تەوە، بەڵام دوای هێرشی سەر هەولێر هێزەکانیان بۆ پێنج هەزار سەرباز زیاد دەکەن، ئەمە واتای ئەوەیە زیان گەیاندن بە ئاسایشی هەرێم و هەڕەشە لێکردنی، هێڵی سوورە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهیچ شێوەیەک ئەم هەڕەشانەو زیان گەیاندن بە ئاسایشی هەرێم قبوڵ ناکات، ئەو کۆدەنگییە نێودەوڵەتییە و، وەدەنگ هاتنیان لەسەر هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە، ناردنی چەندین پەیام بوون بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە بیر لە تێکدانی ئاسایشی هەرێم دەکەنەوە، هەر زوو کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بێ بەری کرد و رایگەیاند، ئێمە دەستمان لەو کارەدا نییە، هەرچەندە ئەو گروپەی بەرپرسیاریەتی خۆی لەو کردەوە راگەیاندووە سەر بە حیزبوڵڵایە و پێشتریش کاری لەم جۆرەی لە عێراق ئەنجامداوە، کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسی ئەم کردەوەیە دەزانێت، بۆیە وا بەپەلە هەڵوێستی خۆی راگەیاند.

ئەمه‌ریکا و ئەوروپا لەگەڵ هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی لە عێراق و هەتا زیانگەیاندن بەهێزەکانیشیان، کۆدەنگی وایان نیشان نەداوە، راستە تا ئێستا کردەی سەربازیان بەرامبەر ئەم کارە ئەنجام نەداوە، بەڵام لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا رایانگەیاند، چەندین بژاردەیان خستووه‌تە بەردەم سەرۆک بایدن بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی، دیارە چاوەڕێی کاری لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەن، یان خۆیان دیراسەی ئەو بژاردانە دەکەن. کاتی خۆیشی کە داعش هێرشی کردە سەر پارێزگای مووسڵ و دەورووبەری تا ئەو کاتەی هێرشیان نەکردە بووە سەر هەرێم، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ کاردانەوەیەکی سەربازیان لە دژی هێرشەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیە ئەنجام نەدا، بەڵام کاتێ هێرشیان هێنا بۆ سەر هەرێم، بەر گورزی سەربازی کەوتن.

کەواتە دوای ئەم هێرشانە هەموو لایەک تێگەیشت کە پێگەی هەرێم لە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندە بەهێزە، چونکە عێراق بەبێ هەرێم بۆ ئەوان دەبێتە دۆزەخ و هەرگیز شوێنیان تێدا نابێتەوە، جگە لەمەش جوگرافیایەک نامێنێ پێی بگووترێ عێراق، ئەوەی دەمێنێتەوە دوو سەرزەمینی شیعە و سوننە دەبێت، یەکیان بە پاڵپشتی ئێران و ئەوی تریان بە پاڵپشتی عەرەبستانی سعودیە دەبێت.